سەردێر

وەزیری خوێندنی باڵا: كابینەی نۆیەم بەقۆناغی سەختدا تێپەڕبووە

هەولێر- ئارام سەردار
ڕێوڕەسمی دابەشكردنی بڕوانامەی (HAMK)ی فنلاندی بەسەر (٥٣) بەشداربووی ڕاوندی یەكەم و دووەمی خولی پێداگۆجی (ڕێگەكانی وانە وتنەوە) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ساڵێك و هەشت مانگ بەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەت تێپەڕ دەبێت، كەبەقۆناغی سەخت و ئالنگاری تێپەڕبووە، قەیرانی دارایی و سیاسی و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، ئەركەكانی زۆر قورس كردین، بەڵام بەیەكەوە بەسەر ئاڵنگارییەكان سەردەكەوین و ساڵی خوێندنمان تێپەڕكرد.

دەشڵێت: “قەیرانەكان كۆتایی نەهاتوون، بەڵام بەئیرادەی هەموولایەك لەسەر ڕێگای دروستی خوێندن سەردەخەین، سەڕەڕای دەنگی نەشاز لەساڵی ڕابردوو، بەڵام تەسلیم نەبووین و خوێندنمان سەرخست و ئەمساڵیش تەواوی دەرچووانی ئامادەیی لەزانكۆ و پەیمانگاكانمان وەرگرت و كرێی خوێندنمان كەم كردەوە بەپێی ڕێزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان، بەمەش توانیمان پشتیوان بین لەچارەسەركردنی گرفتی دارایی خێزانەكان”.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارماندا دوای ماوەیەكی زۆر خوێندنی باڵا بكەینەوە و دەرفەت بڕەخسێنین بۆ خوێندكاران و ڕێگا نەدان بۆ نەچوونە دەرەوەی سەرچاوەی مرۆیی و دارایی خۆمان.

ئاماژەی بەوەشكرد، سوپاسی هەموو لایەك و ئەو پڕۆگرامی خولی پێداگۆجی (ڕێگەكانی وانە وتنەوە) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، هیوادارین كارسازی زیاتر بڕەخسێنین و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەلی كار بڕەخسێنین.