سەردێر

بەهۆی بوونی چەندین سەرپێچییەوە ئوتێلێك داخرا

خەڵك-

نوێنەری بەرگری شارستانی لە لیژنەی باڵای قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی زۆری سەرپێچییەكانییەوە هۆتێل كامەرانمان داخست.
نەقیب ڕێكان جەمال نوێنەری بەرگری شارستانی لە لیژنەی باڵای قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن، لیژنە هاوبەشەكان هۆتێل كامەران لە گەڕەكی قەزازەكانی شاری سلێمانی دادەخات.
وتیشی”لەكاتی سەردانی لیژنەكە بۆ هۆتێل كامەران، دەركەوتووە شوێنەكە پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی نیە، پێویستە شوێنە گەشتیارییەكان پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و مەرجەكانی دیكەی كاركردن بن”.
ئاشكراشیكرد، یەكێكی دیكە لەسەرپێچیەكانی، جێبەجێنەكردنی مەرجەكانی سیستمی بەرگری شارستانییە لە شوێنەكەیدا، بەشێوەیەك لە هەر ژورێك بوتڵێك غازی لەجۆری (پیك نیك) بۆ خۆگەرمكردنەوە و ئامادەكردنی خواردەمەنی داناوە لەگەڵ شكاندنی پێوەری كارەبا و دەستكاریكردنی كێبڵی كارەبای نیشتیمانی، لەبەرئەوە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، هۆتێل كامەران دادەخرێت و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.