سەردێر

کچە نیپاڵییەک لەسلێمانی بەخاکسپێردرا

سلێمانی – نزار جەزا

 

کچە کرێکارێکی نیپاڵی، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدابوو، ئەمڕۆ لەگۆڕستانێکی شاری سلێمانی بەخاکسپێردرا.

 

حەمە هەژار سەرۆکی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و داكۆكی له‌كرێكارانی بیانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەمەراسیمێکدا تەرمی کچە کرێکارێکی هیندۆسی نیپاڵییان لەشاری سلێمانی بەخاکسپارد.

 

بەئامادەبوونی چالاکوانان و ڕێکخراوەکان و هاوڕێکانی و ئەو ماڵانەى کاری تێداکردووە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بۆ بەڕێوەچوو.

 

حەمە هەژار ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەمە یەکەم کەسی بیانییە لەهەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانلەدەستدابێت.

 

باسی لەئەوەشکرد، ئەو کچە تەمەنی ٤٠ ساڵە و لەگۆڕستانی مەسیحییەکان بەخاکسپێردرا.

 

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی تووشبووی کۆرۆنابووە، وڵاتەکەی خۆی تەرمەکەی وەرینەگرتۆتەوە، بۆیە هەر لێرە بەخاکسپێردرا.

 

ئەم کچە ماوەى چوار ساڵە هاتۆتە شاری سلێمانی و لە دوو ماڵ کاری کردووە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان نزیکی سێ هەزار و ٥٠٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

 

لەهەرێمی کوردستان لەسەروو ٢٩ هەزار کرێکاری بیانی بوونیان هەیە، کە لەماوەى بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان ماونەتەوە و بەشێکیان لەسەرکاربوون و بەشێکی دیکەشیان وەک کرێکارانی ناوخۆیی بێکاربوون.