سەردێر

ئەمریكا بۆچی لەرۆژئاوای كوردستانە؟

پێنتاگۆن: هێزەكانمان بۆ پارێزگاری لە نەوت لە سوریا نین

خەڵك-

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند هێزەكانیان لە سوریا بۆ شەڕی داعش لەوێن، نەك پارێزگاری لە نەوت، پێچەوانەی گوتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ئۆكتۆبەری 2019 بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایدا لە رۆژئاوای كوردستان، بەهۆیەوە سوپای توركیا هێرشیكرد، سەرێكانێی و گرێسپی گرت.

ترەمپ ئەو كات رایگەیاند كەمێك لە هێزە ئەمریكاییەكان لە سوریا دەمێننەوە، ئەركیان پارێزگارییە لە بیرە نەوتەكان.

لای خۆیەوە مارك ئیسپەر وەزیری ئەوكاتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند هێزەكانیان لە هەندێك شوێنی ستراتیژی دەمێننەوە، كە نەوتی لێیە تا نەكەوێتە دەستی داعش.

شەوی رابردوو جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند، فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگرێ و بەڵێندەرەكانیان، رێگاپێدراون نین دەستی هاوكاری درێژبكەن بۆ كۆمپانیا تایبەتەكان كە هەوڵی قۆستنەوەی داهاتە نەوتییەكان دەدەن لە سوریا.

كێربی لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی ئەركی هێزە ئەمریكاییەكان لە سوریا، كە نزیكەی 900 سەربازن لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای كوردستان، دەڵێت: ئەوان لەوێن بۆ پشتیوانی شەڕ دژی داعش لە سوریا، ئەمە هۆكاری بوونیانە لەوێ.

تا ئێستا زۆرینەی كێڵگە نەوتییەكانی خۆرهەڵات و باكوری خۆرهەڵاتی سوریا لە دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشقدان، بەڵكو دەكەونە سنوورەكانی ناوچەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستانەوە.

لە ئابی 2020 رێككەوتنێك لەنێوان كۆمپانیایەكی ئەمریكایی تایبەت بە نەوت و فەرمانڕەوایانی رۆژئاوای كوردستان كرا، ئەم رێككەوتنە لەلایەن واشنتنەوە پێشوازی لێكرا، بەڵام ئەنقەرە و دیمەشقی نیگەران كرد.