هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە كە بەنیازبووە بەقاچاغ خێزانی تیرۆریستانی داعش لەكەمپی هۆڵی نزیك حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان بباتەدەرەوە.
ناوەندی هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە جریوەیەكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو هێزە تایبەتەكانیان بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپراسیۆنێكی ئەمنییان لە شارۆچكەی حەدادیەی باشووری حەسەكە لە دژی داواكراوێك ئەنجام داوە.
ناوەندی هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕوونیشی كردووەتەوە، لەئۆپراسیۆنەكەدا توانراوە كەسی داواكراو دەستگیربكەن.
هەسەدە زانیاری زیاتری تری لەسەر پێناسە و ڕەگەزی كەسە قاچاغچییەكە ئاشكرا نەكردووە.
خەڵك – بەشی هەواڵ