سەردێر

دانیشتوانی ناوچە سنورییەكان هانا بۆ پەرلەمان دەبەن

بۆردومانەكانی توركیا و ئێران هەراسانیان كردوون

خەڵک-ئارام سەردار

دانیشتوونی دەڤەری برادۆست و قەندیل و باڵەکایەتی و ناوچە سنوریەکان، سەردانی پەڕلەمانی کوردستانیان کرد ڕایدەگەیەنن، تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران تائێستا بەبڕی زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆلار زیان بەڕەزوو و باغ و ئۆتۆمبێل و خانوو و ئاژەڵیان کەوتووە، بەشێوەیەک ٦٠ هەزار دۆنم زەوی و باغ و پاوان سوتاون

عەبدولرەحمان مینە، بەناوی کەس و کاری قوربانیانی تۆپبارانی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نیگەرانی خەڵکی ناوچەکەیان گەیاندە پەڕلەمانی کوردستان، کە بەداخەوە بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران ناوچەکانیان زیانێ زۆری گیانی ماددی پێگەیشتووە کە تائێستا نزیکەی ٥٠ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٦٠کەسیش برینداربوون، بەبڕی زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆلار زیان بەڕەزوو و باغ و ئۆتۆمبێل و خانوو و ئاژەڵیان کەوتووە، بەشێوەیەک ٦٠ هەزار دۆنم زەوی و باغ و پاوان سوتاون و دوو ملیۆن داری خۆرسکیش مەترسی ووشک بوونیان لەسەرە،بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی کشتووکاڵیە ژێرخانی ئابووری کەوتۆتە مەترسی.

دەشڵێت، پەکەکە هۆکاری ئەو ڕووداوانە نیە و ئێمە داوا دەکەین تۆپبارانی ناوچەکانیان ڕابگیرێن و پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان حزبە کوردیەکان و تورکیا دەست پێبکاتەوە و قەرەبووی زیانەکانیشیان بکرێتەوە، لەهەمان کاتدا قەبارەی زیانەکانیان لەڕێگەی عیراقەوە بگەیەنرێتە نەتەوەیەکگرتووەکان، هەموو ئەمانەش بە کونسوڵی تورکیا و ئیران ڕابگەیەنرێت.

لوقمان وەردی، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەداخەوە دۆخێکی خراپ لەم ناوچانە بەڕێودەچێت و چەندین زەرەروو مەترسی ڕووبەڕوویان بۆتەوە و پشتیوانیان دەکەین دەست درێژیەکانیان ڕابگیرێت و قوربانیەکان بەشەهید هەژمار بکرێن.

وتیشی، چارەسەر ئەوەیە تورکیا بەدانوستان کێشەکان چارەسەر بکات، چیتر ژیانی هاوڵاتیان نەکرێتە مەترسی، چونکە ئەم ناوچانە خەڵکەکەی سەڕەڕای قوربانی زۆر بەڵام خۆیان ناوچەکانیان ئاودان کردۆتەوە و دەبێت سنورێک بۆ ئەو دەست درێژیانە دابنرێت و خەڵکەکەشی قەرەبوو بکرێتەوە.