سەردێر

سلێمانی، بەندكراوێك خۆی خنكاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
لە زیندانی لێكۆڵینەوەی سلێمانی، بەندكراوێك بە لفكەی خۆشتن لە گەرماودا خۆی خنكاند، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، بەندكراوەكە بە كوشتنی بەئەنقەست بەپێی ماددەی 405ی یاسای سزادانی عیراقی زیندانی بووە.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند “بەیانیی ئەمڕۆ بەندكراوێكی تەمەن 68 ساڵ، لە زیندانی لێكۆڵینەوەی سلێمانی لە گەرماودا بە لفكەی خۆشتن خۆی خنكاند”.

بە وتەی سەركەوت ئەحمەد”كاتژمێر هەشتی بەیانی لەكاتی نانخواردندا زانراوە ئەو زیندانییە خۆی خنكاندووە، دوای ئەوەی لە ژوورەوە دەرگای گەرماوەكەی لەسەر خۆی داخستبوو”.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت”ئەو زیندانیكراوە بە كوشتنی بەئەنقەست و بەپێی ماددەی 405ـی یاسای سزادانی عێراقی لە زینداندا بووە”.