سەردێر

“كامێرای چاودێری بۆ پەڕلەمانتارانی كوردستان دادەنرێت”

خەڵك-
لە خوولی ئەمجارەی پەڕلەمانی كوردستان هەڵگرتنی پارێزبەندی بۆتە یەكێك لە خەسڵەتەكانی و ئەندامێكی ئەم خولەكەش دەڵێت: “سێ هۆكار وایان كردووە خولی پێنجەم بەوشێوەیە بێت، كە دەبینرێت و تەنانەت واشی لێ‌ هاتووە كامێرای چاودێری بۆ پەڕلەمانتاران دادەنرێت”.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەڵگرتنی پارێزبەندی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە خولی پێنجەمدا بەدی دەكرێت، كە بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە، كە پێشتر و لە خولەكانی پێشوو ئەوانە نەبوون.

وتیشی، “خاڵی یەكەم ئەوەیە دەستەی سەرۆكایەتی خولی پێنجەم لاوازە و خاڵی دووەم بریتیە لەو زۆرینەی لە پەڕلەمان دروست بووە و بۆتە هۆی شەرعاندنی دەسەڵات و بەخواستی ئەوان كار دەكات و بەبێ دەسەڵاتی جێبەجێ‌ كردن هیچ هەنگاوێك نانرێت.

سەبارەت بە خاڵی سێیەم، هەڵەدنی ڕایگەیاند، بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەم خولەدا لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە هیچیان پێ ناكرێت، چونكە نە ژمارەیان زۆرە و نە بەیەكیشەوە بەرەیەكی هاوبەشیان هەیە.

ئاشكراشیكرد، بەهۆی زۆرینەوە هەر شتێك بیانەوێ زۆر بە ئاسانی تێدەپەڕێنرێت هەم لە سەرۆكایەتی پەڕلەمان و هەم لە ناو پەڕلەمانیش.

هەڵەدنی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەوەی گرنگە باس بكرێت ئەوەیە ئەم كابینەیە بە ئەقڵیەتێكی هەواڵگیری و چاوسوركردنەوە و ئەمنی كار دەكات تەنانەت وای لێهاتووە كامێرای چاودێریش بۆ پەڕلەمانتار دادەنرێت لەماڵەكانیان و چاودێری هاتووچۆیان دەكرێت.