سەردێر

خەڵاتی ڕێزلێنان بە (خەڵك) درا

سلێمانی ـ نزار جەزا
ئەمڕۆ یەك شەممە پاش تەواوبوونی بڕاند بازاڕ، بڕوانامەی ڕێزلێنان بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەخشرا، لەناویاندا (خەڵك) ڕێزی لێنرا.

بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بازاڕێك بە بەشداری 80 كۆمپانیا و كارگە لە شاری سلێمانی كرایەوە، كە كۆمەڵێك بەرهەم و پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی تێدا نمایشكراو و لەسەدا 40ی بەرهەمی خۆماڵییە.

بەختیار مەلا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم ڕایگەیاند، پاش تەواوبوونی بازاڕەكە بڕیاریاندا بڕوانامەی ڕێزلێنان بە هەریەكە لەكۆمپانیا بەشدارەكان و دەزگا ڕاگەیاندنەكان ببەخشن.

ئەم ڕێزلێنانە لەلایەن یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم و كۆمپانیای شارپلاین لەبەرامبەر ڕووماڵكردنی چالاكییە ئابووری و بازرگانییەكانی ناو پڕۆژەكە بوو، كە لەو ماوەیەدا دەزگا ڕاگەیاندنەكان هاوكاری پڕۆژەی بڕاند بازاڕ بوون.

شاهۆ جەودەت، بەڕێوەبەری كۆمپانیای شارپلاین، كە ڕێكخەری بڕاند بازاڕە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەم بازاڕەیان لەناو كارگەی جگەرەكەی سلێمانی بۆ ماوەی 10 ڕۆژ كردەوە و ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژی بازاڕەكەیە، كە لەو ماوەیەدا بەشێوەیەكی باش هاووڵاتییان بەشداربوون.

ئاماژەی بە ئەوەشدا ، 80 كۆمپانیا بەشداری بازاڕەكەیان كردووە، كە سەدا 40 یان بەرهەمی ناوخۆیین، ئەوانی دیكەش كۆمپانیای خۆماڵین و وەكالەتی كۆمپانیا جیهانییەكانیان هەیە.

لەناو پێشانگاكەدا چەند هەوڵێكی خێرخوازی هەبوون، بۆ نمونە چەند بۆكسێك بەمەبەستی كۆكردنەوەی كۆمەكی بۆ نەخۆشخانەی هیوا دانرابوون، لەلایەكی دیكەوە دەتوانرا جلوبەرگ بكڕن و داهاتەكەی پێشكەش بەكەمدەرامەتان دەكرا.

ئامانجی كردنەوەی بازاڕەكە بریتیبوو لە یەكەم، ناساندنی بڕاندە ناوخۆییەكان، دووەم، ئاسان بەردەستی كاڵاكان و هەرزان بازاڕی، سێیەم، كۆكردنەوەی هاوكاری و كۆمەكی بۆ نەخۆشخانەی هیوا.

جیاواز لەپێویستییە ڕۆژانەییەكان، ژمارەیەك تابلۆ لەدەروازەی بازاڕەكەدا نمایشكرابوون، كە كێشراوی دەستی نەخۆشانی شێرپەنجەن.

ساڵانە لەشاری سلیمانی چەند بازاڕێكی لەم شێوەیە دەكرێنەوە، كە تێیدا كۆمپانیا و كارگە و خاوەنكارەكان بەرهەمەكانیان نمایش دەكەن، كە هەندێكیان داشكاندن لەنرخەكاندا دەكەن.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان