سەردێر

مامۆستایان دوا مۆڵەت بۆ حكومەت دادەنێن

خەڵك-
ئەمڕۆ دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەڕووی خوێندكاراندا كرایەوە و مامۆستایانیش دەستیان بە پڕۆسەی خوێندن كردەوە و هۆشداری دەدەن بە حكومەتی هەرێم، كە ئەگەر مانگانە و بێ‌ لێبڕین مووچە دابەش نەكات بایكۆتی سەرتاسەری ئەنجام دەدەن.

دوابەدوای بڕیاری لیژنەی بالای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم و وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، ئەمڕۆ یەك شەممە دەرگای خوێندنگاكان بەڕووی خوێندكارانی پۆلی 1ی بنەڕەتی تاوەكو 11ی ئامادەیی كرایەوە و دەست بە خوێندنی وانەكان كرایەوە.

مامۆستا تاریق مەلا تاهیر، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە پەیامێكدا بۆ حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، “ئەگەر حکومەت ٣٠ ڕۆژ جارێک بێ لێبڕین مووچە دابەشنەکات بایکۆت ئەگەرێکی بەهێزە و هەڵویستی توندمان دەبێت” .

لای خۆشیەوە، مامۆستا عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، “بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە بە زمانی حاڵ بە مامۆستایان دەڵێن، ئێوەش وەکو فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی تر لە هەفتەیەدا تەنها سێ ڕۆژ دەوام بکەن و بێدەنگ بن لەوەی ئێمەش تەنها مووچەی سێ ڕۆژتان پێدەدەین” .

دەشڵێت: “چەندین جار وتمان ئەوەی خوێندنی پەکخستوە نەخۆشی کۆرۆنا نییە، تەنها نەتوانایی و گەندەڵیە، مووچەی تەواوەتی بدەن و دەوامی تەواومان پێ بکەن، با نەوەکانی داهاتووش باجی گەندەڵی و نەشارەزاییەکانی ئێوە نەدەن”.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، هەر پۆلێك لە هەفتەیەكدا تەنها 3 ڕۆژ بەشێوەی تەناوب دەوام دەكات و ڕێكاری خۆپارێزی دژی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت و لە دوای 20ی ئەم مانگەوە جارێكی دیكە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەكە دەكرێت و بڕیار دەدرێت، كە ئاخۆ هەموو ڕۆژێك دەوام بكرێت یان دووبارە پڕۆسەی خوێندن ڕابگیرێت.

لە مانگی 2ی ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە و ئەمساڵ تەنها دەرگای زانكۆكان بەشێوەی خوێندنی ئاوێتە كراوەتەوە و لە مانگی ڕابردووشدا پڕۆسەی خوێندن بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی دەستی پێكردەوە.