سەردێر

ژنێك لەلایەن براكەیەوە کوژرا

لەسنووری شاری ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، ژنێكی تەمەن 32 ساڵان كە خاوەنی سێ منداڵە ، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە كوژراوە و جەستەشی سوتێنراوە.

ڕێكخراوی هەنگاو تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕاپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردووەتەوە و ئاشكرایكردووە:” لە گنگجینی سەربە شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژنێكی تەمەن 32 ساڵان بەناوی ئەشرەف نیكخویی كە خاوەنی سێ منداڵ بووە بەتاوانی شەرەف لەلایەن برایەكییەوە كوژراوە”.

ڕوونیشكراوەتەوە:” ئەو ژنە پێشتر گرتەیەكی ڤیدیۆیی تایبەتی لەگەڵ پیاوێكدا بڵاوبووەتەوە و هاوسەرەكەی لێی جیابووەتەوە، ئەو پیاوەش ڕەتیكردووەتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، هەربۆیە لەلایەن براكەیەوە كوژراوە”.

ئاماژە بەوەشدراوە:” دوای كوشتنی، جەستەی سوتێنراوەو فڕێدراوە، لەئێستادا پۆلیس برای ژنەكە و ژمارەیەك لە كەسە نزیكەكانی دەستگیركردووە و لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بەردەوامە”.

جێی ئاماژەیە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەمە حەوتەمین تاوانە بەناوی شەرەفەوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕوودەدات.

خەڵك – بەشی هەواڵ