سەردێر

سبەی وەزارەتی شارەوانی كۆنفڕانسێك دەبەستێت

خەڵك-
وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، سبەی وەزارەتی شارەوانی كۆنفڕانسێك بە مەبەستی ڕێكخستنەوە و زیادكردنی داهات لە ھەولێر دەبەستێت، بۆ ئەوەی ڕێژەی داهات زیاد بكرێت، ئەمەش لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانە، كە داوای ڕێكخستنەوەی داهاتی كردووە.

كوردۆ شابان، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران، داوا لەو وەزارەتانە كراوە، كە داهاتیان هەیە، تا ڕێكخستنەوە بۆ داهاتیان بكرێت ، بۆیە بۆ ئەوەی ڕێژەی داهات زیاد بێت و پشت بە داهات ببەستین.

ڕاشیگەیاندووە، حكومەتی ھەرێم وەك یەكەم وەزارەت كاری لەسەركرد بۆیە بڕیارماندا بیكەینە كۆنفڕانس بە ئامادەبوونی لیژنەكانی پەڕلەمان و چەند وەزارەتێك، كە ئەوانیش پەیوەستن بەو بابەتەوە، بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە ، كە لە كۆنفڕانسەكەدا دوای ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پرسەكان دەكرێت ، دواتر كۆنووس دەكرێت و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت، بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت و لە كۆتاییدا بكەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.

ناوبراو باسی لەوەش كردووە ، سبەی سەعات ١٠ی بەیانی كۆنفڕانسەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت لە گەڕەكی ٣٢ی پارك، پشت مزگەوتی ئەسعەدی و هەر سبەی وردەكاریی كۆنفڕانسەكە باس دەكرێت.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان