سەردێر

شێخ جەعفەر: یەكگرتوویمان، بوون بە خۆلەمێش مەحاڵ دەكات

خەڵك-
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، خەباتمان كرد لە پێناو ھیوا و خەونەكانمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ھەبوونی ووڵات و كیانێكی سەربەخۆ و دەشڵێت: “تاكەی ئێمەش یەكگرتوویی و یەكڕیزی نێو ماڵی خۆمان نەكەین بە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ میللەتەكەمان بەر لەوەی خۆمان ببین بە خۆڵە مێش”.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە دوای ڕاپەڕینەوە بە ھۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەكڕیزی و ھەڵگیرسانی شەڕی نەگریسی ناوەخۆ بەداخەوە زۆرێك لە خەون و ئاواتەكانمان نەھاتنە دی، ئەگەر ئێمە یەكگرتوویی و یەكڕیزی و یەك گووتاریمان برەو پێ بدابایە، ھەموومان لە سەرەتای لە دایك بوونی حكومەت و پەرلەمانەوە پاڵپشت و ھاوكاری ئەو دامەزراوانە بووباین، دڵنیام ژیانێكی شایستەتر لە ئێستا بۆ خەڵك دابین دەكرا.

ڕاشیگەیاندووە، مافی خەڵكیشە كە داوای مافی ڕەوای خۆیان بكەن، بۆیە پێویستە گوێیان لێ بگیرێت و ژیانێكی زیاتر لەوەی كە هەیە بۆیان دابین بكرێت، ئێستاش كات درەنگ نییە و دەكرێت بە ڕاوێژ و گفتوگۆی زیاتر چارەسەری كێشەكان بكرێت و لێبووردە بین بەرامبەر یەكتر و دەست لە ناو دەست بین بۆ ساڕێژكردنی برینەكان.

دەقی پەیامەكەی شێخ جەعفەر:
زۆر جار كە مرۆڤ بیر لە ڕابردووی خۆی دەكاتەوە یادەوەری خۆش و ناخۆشی بیر دەكەوێتەوە، جاری واش ھەیە ڕووداو و كەس و ئامرازەكانی ژیان یادەوەری كۆنمان بیر دەخەنەوە .
كاتێك لە نزیك ئەو سۆپایە دانیشتم خەیاڵ گەڕاندمیەوە بۆ قۆناغی سادەیی و پێكەوە ژیان لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی، هەگبەیەكی پڕ لە یادەوەری تاڵ و ئازار و ناسۆرییەكانی ژیانی بیر خستمەوە بەتایبەت لە دەستدان و شەھیدبوونی كەسوكار و ھاوڕێ و ھاوسەنگەرەكانمان كە بۆ هەمیشە لە هزرم دا دەخوڵێنەوە، پاشان قڕكردنمان بە ئەنفال و كیمیاباران كردنمان، لە سێدارەدان و ئەشكەنجەدانی پێشمەرگە دلێر و ڕۆڵە بە جەرگەكانمان، ھەروەھا ڕوخاندنی لادێكان و ڕاگواستنەوەی لادێ نشینەكان بۆ شارەكان بە بێ ویستی خۆیان، ھەموو ئەوانە ئازار بەخش و لە بیرنەكراون بۆ ھەمیشە لە ھزر و یادمان دەمێننەوە.
تینی گەرمی ئەم سۆپایە ھاوینی گەرمی سەردەمی شاخی بیرخستمەوە، پڕیشكی ئاگری ئەم دارانە ڕۆژانی بەرگری و پڕیشكی گوللەی دوژمنانی بیرخستمەوە، سەرمای دەرەوەی ئەم ژوورە ڕۆژانی بەفر لە چۆك و دەست و پەنجە تەزیوی سەردەمی شاخی بیر خستمەوە، كۆی ئەو قسانە ناكەم بە مننەت بەسەر میللەتەكەی خۆمی بفرۆشمەوە، بەڵكو سوپاسگوزاری خوام كە ھاوشان لەگەڵ ھاوسەنگەر و براكانم یەكێك بووم لەو كەسانەی كە لە پێناو خاك و نیشتیمان و میللەتەكەم تێكۆشاین و دژی دوژمن و زوڵم و ستەم وەستاینەوە و شانازیش بە ڕابردووی خۆمەوە دەكەم.
خەباتمان كرد لە پێناو ھیوا و خەونەكانمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ھەبوونی ووڵات و كیانێكی سەربەخۆ، بۆ ئەوەی خوێنی شەھیدەكانیشمان بە فیڕۆ نەچێت و میللەتەكەشم بە ژیانێكی شایستە بژین، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە بە ھۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەكڕیزی و ھەڵگیرسانی شەڕی نەگریسی ناوەخۆ بەداخەوە زۆرێك لە خەون و ئاواتەكانمان نەھاتنە دی، ئەگەر ئێمە یەكگرتوویی و یەكڕیزی و یەك گووتاریمان برەو پێ بدابایە، ھەموومان لە سەرەتای لە دایك بوونی حكومەت و پەرلەمانەوە پاڵپشت و ھاوكاری ئەو دامەزراوانە بووباین، دڵنیام ژیانێكی شایستەتر لە ئێستا بۆ خەڵك دابین دەكرا، ھەرچەندە ناكرێت گشت دەستكەوتەكانی حكوومەت بەلاوە بنێین و لە بەر چاو نەگیرێت، بەڵام مافی خەڵكیشە كە داوای مافی ڕەوای خۆیان بكەن، بۆیە پێویستە گوێیان لێ بگیرێت و ژیانێكی زیاتر لەوەی كە هەیە بۆیان دابین بكرێت، ئێستاش كات درەنگ نییە و دەكرێت بە ڕاوێژ و گفتوگۆی زیاتر چارەسەری كێشەكان بكرێت و لێبووردە بین بەرامبەر یەكتر و دەست لە ناو دەست بین بۆ ساڕێژكردنی برینەكان.
بەیەكەوە گڕگرتنی دارەكانی ناو سۆپایەكە و بەخشینی گەرمیەكی زیاتر بە جەستە و ژوورەكە، خەیاڵی بردمەوە بۆ ئەوەی تاكەی ئێمەش یەكگرتوویی و یەكڕیزی نێو ماڵی خۆمان نەكەین بە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ میللەتەكەمان بەر لەوەی خۆمان ببین بە خۆڵە مێش.