سەردێر

وردەكاری ڕووداوەكەی بەردەم مزگەوتی ڕەشاد موفتی هەولێر

خەڵك-
بەڕێوەبەراییەتی هاتووچۆی هەولێر وردەكاری ڕووداوی هاتووچۆی بەردەم مزگەوتی ڕەشاد موفتی لە هەولێر، كە 4 كەس گیانیان لەدەستدا بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، هۆكارەكەی تیژڕەوی بووە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە كاتژمێر 8:45 خوولەكی ئەمشەو لەسەر شەقامی هەولێر- كەركوك لەنزیك مزگەوتی ڕەشاد موفتی لەسایدی هاتن بەرەو ناوشار لەئاڕاستەی كەركوكەوە ئۆتۆمبێلێكی جۆری یارس تایبەت سالۆن بەهۆی خێرایی زۆرەوە كۆنتڕۆڵی لەدەستدا.

ڕاشیگەیاند، لەپاش ئەوەی لەبەرزە پردەكە هاتە خوارەوە بەرەو دورگەی ناوەندی شەقام ڕۆیشت، بەسەر دورگەكە كەوت و لەدوایی لەدیوەكەی تری شەقام دابەزی، كە سایدی چوونە بۆ كەركوك و لەوێ خۆی كێشا بە یارس-ێكی تری تایبەت جانتا.

وتیشی، “لەئەنجامی ڕووداوەكەش بەداخەوە 4 كەس، كە شۆفێر و سەرنشینی هەردوو ئۆتۆمبێل بوون گیانیان لەدەستدا و زیانێكی ماددی زۆریش كەوتەوە”.

فازڵ حاجی جەختیشی كردەوە، ئەوە دەرەنجامی تیژڕەی و سەرەڕۆیی لەلێخوڕین، بەداخەوە كە ئەو شوێنە نە هی ئەو خێراییەیە و نەئەمجۆرە ئۆتۆمبێلە هی ئەمجۆرە تیژڕەوییەیە.

May be an image of car and outdoors