سەردێر

ئاسایشی هەرێم: ئەوانەی ئاڵای داعشیان هەڵكرد دەستگیركران

خەڵك-
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دەستگیركردنی، ئەنجامدەرانی “كردەوە تیرۆریستییەكانی شارەزور” و دانانی ئاڵای داعش لە سنوری سەید سادق، ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە”هێزەكانیان توانیویانە ئەنجامدەرانی كردەوە تیرۆریستییەكەی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش ، لەگوندی بەردەڕەش سەربەقەزای سەیدسادق لەسەر ڕێگەی پێنجوێن دەستگیربكەن”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”پیلانێكی گروپێكی تیرۆریستی داعشیان لەناوچەكە ئاشكراكردووە كە مەرامیان بووە چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن”.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە

“دەزگای ئاسایشی هەرێم ، ئەنجامدەرانی كردەوە تیرۆریستییەكەی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش ، لەگوندی بەردەڕەش سەربەقەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن دەستگیردەكەن و پیلانێكی گروپێكی تیرۆریستی داعش لەناوچەكە ئاشكرادەكەن ، كە مەرامیان بوون چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن. هەر پەیوەست بەم پیلانە، شەوی ڕابردوو لە پارێزگای هەڵەبجە دوو تیرۆریستی بە ڕەگەز عەرەب لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دەستگیركران .

پاش ئەوەی رۆژی ٢٥ / ١٢ / ٢٠٢٠ لە نزیك گوندی میرەدێ لەسەر رێگای سەرەكی ( قەزای شارەزوور – دەربەندیخان ) ئاڵایەكی داعش هەڵكرا ، لەسەر بڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ، ژورێكی لێكۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ، پێكهێنراو راستەخۆ لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم كەیسە دەستیپێكرد و چەندتیمێك دەستبەكاربوون .
ئەوەبوو لەهەمان كاتی بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و بەڵگە ، دوای یەك هەفتە لەڕۆژی( ٢ / ١ / ٢٠٢١ ) لەنزیك گوندی بەردەڕەشە لە قەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن نزیك گوندی كانی سپیكەی پەرخ ، ئاڵایەكی تری تیرۆریستانی داعش بەهەمان شێوەی ئەوەی تر هەڵكرابوو ، كە لەژێرەكەیدا عبوەی پێوەلكێنرابوو . لەكاتی هەڵگرتنەوەیەدا دووكارمەندی هێزەكانی ئاسایشی شارەزوو برینداربوون .
لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە و بەدوو ئاڕاستە ، دوو تیمی لێكۆڵینەوەو سەربازی دەستبەكاربوون ، لەلایەك زانیاری كۆدەكرایەوە ، لەهەمانكاتیشدا كیوماڵی سنورەكەدەستپێكرد . پاش چەندرۆژێك ماندووبوون و شەونخونی هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم ( ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ) ، سەرەداو و بەڵگەی دروست بەدەستهاتن و زانیاری تەواو لەسەر شانەیەكی نەنستوی تیرۆریستی داعش ئاشكراكران و ئەندامەكانیان ناسنامەو شوێن و جێگایان دەستنیشانكراو خرانە ژێرچاودێری ورد .
رۆژی ٢٤ / ١ / ٢٠٢١ پاش رەزامەندی دادوەری بەڕێز ، بەبڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ، جوڵە بەهێزەكانی ئاسایش كراو لەچەند هەڵمەتێكدا لە قەزای سەیدسایدق هەر سێ تیرۆریست ( ج – ع ) و (ع – ع ) كەهەردووكیان برابوون لەگەڵ ( ع – ع – ح ) دەستگیركران كە پیلاندانەرو ئەنجامدەرانی كردەوە تیرۆریستییەكە بوون . كە مەرامیان بووە دوای ئەم كردەوە تیرۆریستیانە ، چەند شوێن و جێگایەكی تر ی گشتی لە شارەرزوور دەستنیشانبكەن و بیان تەقێننەوە .
بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بەردەوام بوو ، روونبووەوە چەند تۆمەتبارێكی تر هاوكاری ئەم كردەوە تیرۆریستی و تۆقێنەرانە بوونە و ، لەئۆپراسیۆنێكدا رۆژی ٢٨ / ١ ئەمساڵ لەقەزای سەیدسادق ( ز- م ) دەستگیراكراو ، لەهەمان رۆژ بەتاوانی هاوبەش ، ئەندامانی سەرجەم خێزانی تیرۆریستی تاوانبار ( ج – م ) دەستگیركران ، كە پێكهاتبوون لە دایكی بەناوی ( ب . ك ) و دوو خوشكی بەناوەكانی ( ب.ع / ز . ع / ف .ع ) لەگەڵ هاوسەری تیرۆریست ( ج -م ) بەناوی ( ب . ع ) . دەستیشگیرا بەسەر هەموو ئەو كەرەستەو كەلوپەل و پێداویستییانەی بۆ كردەوە تیرۆریستییەكانیان بەكاریانهێنابوو.
ناسنامەی تیرۆریستان
– تیرۆریستی ج – ع و ع – ع كوڕی تیرۆریست ( عومەری دایس ) ن – كە ئەندامی رێكخراوی القاعیدە بوو وە ، و یەكێك بووە لە چەكدارەكانی تیرۆریستانی ( ئەنسار ئیسلام ) لە ناوچەی هەورامان ،لەسەرەتای دروستبوونی ئەنسار ئیسلام لەساڵی ٢٠٠١ بەشداری چەندین كردەوەی تیرۆریستی كردەوساڵی ٢٠٠٣ دوای راودونانیان هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی سنوری هەرێم ، و لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش دەكەونە ژێر كاریگەری فكری توندڕەوی تیرۆریستی .
– تیرۆریست ( ع . ع ) ناسراو بە خەڵات لەساڵی ٢٠١٥ لەرێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەری بیری توندڕەوی داعش و چەندجارێك هەوڵی داوە بچێتەناو داعش و دواتر بڕیار ئەدەن لەگەڵ تیرۆریست ( ج – ع ) لەسنوری شارەزوور بمێنەوە و شانەیەكی نەنستوی داعش دروستبكەن و چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لە سنورەكە ئەنجامبدەن .
هەر لە میانەی بەدواداچوونەكانماندا، شەوی ٣\4 2/2021 دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دوو تیرۆریستی دیكەی عەرەبیان دەستگیركرد، لە داهاتوودا زانیاری و ناسنامەی ئەم تیرۆریستانەش بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكەین .
لەبارەی ئەم كەیسەوە ، رەوتی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی هێزەكانمان بەردەوامە و ، لەبەر سەلامەتی و پاراستنی زانیارییەكان ، چەندین بەڵگەو دیكۆمێنتی تر بەشاراوەیی هێڵراونەتەوە .
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان -یش دڵنیادەكەینەوە دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەرك و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەتی ، كە شەونخون بێت و گیانی هێزەكانی بخاتە مەترسیەوە لەپێنا و ئاسایش و ئۆقرەیی زیاتر لەهەرێمەكەماندا ، تا هەموولایەك بە ئارامی ژیان بەڕێبكەن و سەروماڵی هاووڵاتیان پارێزراوبێت .
لەماوەی رابردووشدا دوور لەچاوی میدیا ،چەندین پیلانی تیرۆریستان لەهەرێم شكستیپێهێنراو ئەندامەكانیان دەستگیركران و رووبەڕووی دادگاكراونەتەوە ، لەناوچەدابڕێندراوەكان و شارەكانی عێراقیش هەماهەنگ و هاوكاری بەردەوامی هێزەعێراقییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتین ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو ئاشكراكردن و دەستگیركردنی چەندین شانەی تیرۆریستی داعش و پوچەڵكردنەوەی پیلانەكانیان .

وەك هەمیشە سوپاس و پێزانینی دەزگای ئاسایش بە هاووڵاتیان ( كەسوكارمان ) و خەڵكی خۆمان دەگەیەنین ، كەهەمیشە هاوكارو هەماهەنگ بوون لەسەرخستنی ئەركەكانماندا و شكستپێهێنانی پیلانی تیرۆریستان كە مەرامیانە ژیان لەهەرێمەكەمان تێكبدەن .سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ هێزەكانی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی كەلەپاش كەمتر لەیەك مانگ ئەنجامدەرانی ئەو كردەوە تیرۆرستییەو گروپێكی شانەی نەنستوی داعشیان ئاشكراكرد و ئەندامەكانیان دەستگیركرد و رادەستی یاساو قانوونیان كرد .
هەرشادو سەرفرازبن
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان “