سەردێر

سلێمانی، پۆلیس كەسێك بەتۆمەتی دزیكردن دەستگیردەكات

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیركرد نی كەسێك ڕادەگەیەنێت كە “لەچەند شوێنێكی شاری سلێمانی جامی چەند ئۆتۆمبیلێكی شكاندووەو دزی لێكردوون”.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بڵاوكرایەوە”دوای ئەوەی چەند هاوڵاتییەك سكاڵایان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس تۆماركرد كە جامی ئۆتۆمبیلەكانیان شكاوەو دزییان لێكراوە، بەڕێوەبەری پۆلیس نوسینگەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی ئاگاداركردەوە كە بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیە بكەن و تۆمەتبار بدۆزنەوە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەرو هەڵگرتنەوەی كامێراكانی چاودێری و لێكۆڵینەوەكان، توانرا تۆمەتبار بناسرێتەوە و دەستگیربكرێت”.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت”تۆمەتبار لە چەند شوێنێكی جیاواز و لەشاری سلێمانی جامی چەند ئۆتۆمبیلێكی شكاندووەو دزی لێكردوون، لەئێستاشدا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە”.