سەردێر

مۆڵەتی شۆفێری تەكسی تایبەت دەكرێت

خەڵك-ئارام سەردار

بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە ڕایدەگەیەنێت، دەبێت تاوەكو ١ی ئابی ٢٠٢١ هەموو تەكسییەكی كوردستان لۆگۆ و شریتی تایبەت بەتەكسی بەكاربهێنن و مۆڵەتی شۆفێرییەكەشیان بگۆڕن بۆ مۆڵەتی تایبەت بەلێخوڕینی تەكسی.

سەلاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بڕیاردرا كەوا هەموو تەكسییەك دەبێت لۆگۆ و شریتی تەكسی لەهەرێمی كوردستان تایبەت بەپارێزگاكەی خۆی بەكاربێنێت، بەڵام بەهۆی كۆڕۆنا جێبەجێكردنی بڕیارەكە ڕاگیرا بۆ ماوەی شەش مانگ، لەئێستاشدا لەبەر ئەوەی باروودۆخ ئاسایی بووەتەوە جارێكی تر ئەو بڕیارە دەچێتەوەبواری جێبەجێكردن.

دەشڵێت، پێویستە تاوەكو ١ی ئابی ٢٠٢١ هەموو تەكسییەكی كوردستان لۆگۆ و شریتی تایبەت بەتەكسی بەكاربهێنن و مۆڵەتی شۆفێرییەكەشیان بگۆڕن بۆ مۆڵەتی تایبەت بەلێخوڕینی تەكسی، ئەمەش لەكاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتەكە دەبێت.

ڕونیشیكردەوە، لەئەگەری پابەندنەبوونی شوفێری تەكسی بەلێدانی شریت و لۆگۆ لەدوای ئەو بەروارە یان تەكسییەكەی بەشۆفێرێكی تر بێت سزای ماددی دەدرێن، ئەگەر هەر پابەند نەبوون جاری دووەم دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت.

جەختشیكردەوە، هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ لەدوای ١ی ئاب ڕێگایان نادرێت شۆفێری تەكسی بكەن، بەتایبەت ئەوانەی بایۆمەتری مووچەیان ئەنجام داوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ٧٧هەزار و ٧٨١ تەكسی هەیە ئەوەی لۆگۆ و شریتی لێداوە ٧هەزار و ٢٩٢ تەكسی كاریان بۆ تەواوكراوە، پێویستە سەرجەم شۆفێرانیش پابەندی بڕیارەكە بن لەبەستنی كارتی زانیاری لەناوەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان.