سەردێر

شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ ڕەوتی سەدر كۆبووەوە

خەڵك-
شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی نەسار ئەلڕوبەیعی لە بەغدا كۆبووەوە و پێكەوە تاوتوێی دوا پێشهاتی گفتوگۆكانی بودجەی 2021 ی عێراقیان كرد.

نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا (ئەمڕۆ 3 شوباتی 2021)، جەخت كرایەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە بودجەی 2021 و زاڵ بوون بەسەریاندا لەڕێگەی دیالۆگ و بە گەڕانەوە بۆ یاسا و دەستوور.

ئاماژەی بەوەشكردووە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندیی خۆیان بە چارەسەرە یاسایی و دەستوورییەكان دووپات كردەوە و دیدگای خۆیان لەبارەی پرسەكانی ناو بودجەوە لە كۆبوونەوەكەدا خستەڕوو.

لای خۆشییەوە، سەرۆكی دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر، جەختی لە دانانی چارەسەری ستراتیژی و درێژخایەن بۆ كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم كردەوە و باسی لەوەشكرد، سەدرییەكان پشتیوانی لە پاراستنی مافەكانی هەموولا دەكەن لەسەر بنەمای دادگەری.