خەڵک –
ئەمڕۆ چوار شەممە لەڕێوڕەسمێکدا بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی خانەنشینکرا و کەسێکی دیکە لەشوێنی ئەو دەستبەکاربوو.
لیوا حەسەن نوری ناسراو بەوەستا حەسەن بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ خانەنشین بوو و لەجێگەی ئەو ھیوا شەھید مامۆستا ئەحمەد سەناعە وەک بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی سلێمانی دەستبەکاربوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا وەستا حەسەن ڕایگەیاند، لەماوەی کارکردنی لەئاسایشی سلێمانی و وەک بەڕێوەبەریش ھەمیشە بەرپرسیارانەوە ئەرکەکانی سەرشانی راپەڕاندووەو ھەمووھەوڵێکی بۆ بەرقەراکردنی ئارامی سلێمانی و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان بووە.
دکتۆر خەسرەو گوڵ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لەڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند، دەزگای ئاسایش ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییەتی کەبەردەوام لەخەمی ئاسایش و ئارامیدا بێت و شەونخون بێت لەپێناو پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان و ئۆقرەیی زیاتر.
وتیشی: رێگا نادەین ھیچ کەسێک یاسا شکێنی بکات و کاری تاوانکاری و دژبەمرۆڤایەتی ئەنجامبدات ، دادگاکانیش وەک ھەمیشە مەرجەعی کار دەبن، چونکە ھیچ کەسێک لەسەرو یاساوە نییە.
ھیوا شەھید مامۆستا ئەحمەد سەناعە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لەوتەیەکدا جەختیکردەوە، لەئەرکی نوێیدا خزمەتکاردەبێت و لەگەڵ ھاوکارەکانی بەردەوام دەبێت لەخزمەتکردنی زیاتری ئارامی و ئاسایش
هەر لەڕێوڕەسمەکەدا ژوان سابر بە نوێنەرایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم خەڵاتی رێزلێنان و پێزانینی حکومەتی ھەرێمی پێشکەش بە لیوا حەسەن نوری کرد و ستایشی ھەوڵ و رابردووی کرد لەبەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایشدا.