سەردێر

جێگری سەرۆكی هەرێم: هەڵوێستی فەڕەنسا لەیاد ناكەین

مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم كوردستان هەڵوێست و ڕۆڵی فەڕەنسا بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنێت.


ڕۆژی سێ شەممە، ٢/٢/٢٠٢١، لە شاری هەولێر، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئۆلیڤییە دیكۆتینی كۆنسۆڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بە مێژووی هەڵوێستی سیاسی سەنگین و ئەرێنی فەڕەنسا دا و هەموو ئەو یارمەتییەكانی فەڕەنسا كە لە كاتی قەیرانە هەمەجۆرەكاندا بۆ پشتگیری كردنی میللەتی كورد داویانە بەرز نرخاند و وتی”ڕۆڵی فەڕەنسا هەمیشە جێ شانازی و پێزانینە و دەبێت ئەو پەیوەندییە مێژووییە دێرینە بەهیمەتی هەردوولا بپارێزرێت و زیاتر گەشە بكات”.

هەردوولا دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عیراقیان لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێ كرد، بەتایبەتی ئەو پرسانەی كە پەیوەندییان بە دۆخی دارایی و مووچە و شایستەكانی هەرێمی كوردستان و پشكی هەرێم لە بودجەی داهاتووی بەغدا و ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێكەوتەكەی كە گرنگە بەزووترین كات هەوڵ بدرێت لە لایەن هەموو لایەكەوە بگاتە هەرێم، هەروەها دۆخی سیاسی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە سیاسی و ئەمنییەكانی وەك تیرۆریزم و هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە نیاز وایە لە مانگی تشرینی دووەمدا ئەنجام بدرێت.

پرسی چاكسازی تەوەرەیەكی سەرەكی تری كۆبوونەوەكە بوو كە هەردوولا بە چارەسەرێكی گرنگیان زانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە داراییەی ئێستا، چاكسازی یارمەتی هەرێمی كوردستان دەدات كاروباری گشتی خۆی ڕێكبخاتەوە و پێداچوونەوە بە هەیكەلی گشتی حكومەت بكات وەك بەشێك لە پلانی بنیادنانی سیستمی حكمڕانی باش لە هەرێمدا، ئەم چارەسەرە یارمەتی هەرێمی كوردستان دەدات باشتر پشت بەخۆی ببەستێت و ئەركەكانی خۆی لەسەر بنەمای گرنگیان پۆلێن بكات.

لایخۆیەوە، كونسۆڵی گشتی فەڕەنسا ئاماژەی بە هاوكارییە جیاوازەكانی وڵاتەیكەیدا و وتی “هەندێك لە ڕێكخراوە ناحكومی و كۆمپانییە فەڕەنسییەكان لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان كار دەكەن و ئێمە هەوڵ دەدەین كە پشتگیریمان بۆ هەرێمی كوردستان لایەن و ئاستی جیاواز بگرێتەوە”.

هەروەك، مستەفای سەید قادر جەختی لە یەكڕیزی و یەكگرتوویی هەڵوێستی سیاسی كورد لە نێوان پارتە ساسییەكانی كوردستان كردەوە و هەروەها ئەنجامدانی چاكسازی هەمەلایەنە بە پەیڕەوكردنی پلانێكی ورد كە ئامانجی بونیادنانی دامەزراوەی نیشتمانی بێت بە تەنها ڕێگەچارە دانا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەك لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بێتەوە، لەهەمان كاتدا، ئەو یەك هەڵوێستییە یارمەتی پتەوكردن و بەهێزكردنی ڕۆڵی دەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات بۆ نوێنەرایەتیكردنی سیاسی هەرێم بە باشترین شێوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نیشتمانی.

خەڵك – بەشی هەواڵ