سەردێر

خەڵك؛ كاندیدی شوێنگرەوەی ئومێد خۆشناو لە پەڕلەمان ئاشكرادەكات

خەڵك-
بەبڕیاری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئومێد خۆشناو كاندید كرا بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر و كەسێكی دیكەی كاندیدی ئەو حزبە لە پەڕلەمان شوێنەكەی پڕدەكاتەوە.

پێشتر سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان كاندید كراوە بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر و دوای ئەوەی ناوەكەی ئەدرێتە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و پەسەند دەكرێت، فەرمانی هەرێمی بۆ دەردەچێت و دەستبەكار دەبێت.

لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەكی ناو فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، دوای ئەوەی ئومێد خۆشناو لە پۆستی پارێزگاری هەولێر دەستبەكار دەبێت، كاندیدێكی لیستی پارتی بەگوێرەی ڕیزبەندی كاتی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان شوێنەكەی پڕدەكاتەوە و دەبێتە پەڕلەمانتار.

وتیشی، “كاندیدی شوێنگرەوەی ئومێد خۆشناو لە پەڕلەمانی كوردستان بریتیە لە حاجی هەڵکەوت ئەنوەر خەلیفە یونس، كە خەڵكی ناوچەی شارەزوورە”.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمان ئەو سەرچاوەیەی فراكسیۆنی پارتی وتی، “دواتر یەكێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دەكرێنە سەرۆكی فراكسیۆن”.

هەڵكەوت لالە ئەنورە خەلیفە یونس لە ساڵی 1971 لەدایك بووە و كاندیدی ژمارە 52ی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان و خەڵكی ناوچەی شارەزوورە لە عەشیرەتی (ڕۆخزایی).

کورديپيديا - هەڵکەوت ئەنوەر خەلیفە یونس