سەردێر

باڵەخانەیەك بۆ كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی مەركەزی دروست دەكرێت

خەڵك-
وەزیری ئەوقافی هەرێم چەند بڕیارێك دەربارەی كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی مەركەزی دەردەكات و جەختیشدەكاتەوە لە پێدانی پاداشت بە فەرمانبەرانی كتێبخانەكە.

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقافی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێشوازی كردووە لە كەوسەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی مەركەزی و كاك عوسمان بەرپرسی دەستنووسەكان.

ڕاشیگەیاندووە، لەبەر گرنگی و بۆ پشتیوانی كتێبخانەكە بەھاوكاری وەزارەتی دارایی ڕەزامەندیمان دا لەسەر خەرجیەك بۆ چاكردنی ئەو كتێب و بەڵگەنامە و دەستنووسانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و هەروەها ڕەزامەندیمان دا بە دیراسەكردن بۆ دابین كردنی زەویەكی ڕووبەری ( ١١) ھەزار مەتری موڵكی وەقف بۆ دروست كردنی باڵاخانەیەكی شایستە و گونجاو لەسەر داھاتی موڵكی وەقف.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕەزامەندیمان دا بۆ پاداشتكردنی ئەو فەرمانبەرانەی لەكاتی ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكەن .

لەرووی مێژووییەوە كتێبخانەكە لەسەر ئاستی عێراق بەدووەمین كتێبخانە دادەنرێت و دروست بوونیشی بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، خاوەنی ھەزاران سەرچاوەی مێژوویی و دەستنووسە لە بوارەكانی زانستی ئایینی شەرعی فەلەكناسی، جوگرافیا و مێژوو، ئەدەب و ھونەر و زانستی پزیشكی و چەندان بواری تر، ھەروەھا ٣٦٠٠ دەستنووسی ئەدیب و نووسەرانی ھەیە.