سەردێر

دواقۆناغی گفتوگۆ دەكرێت

خەڵك-ئارام سەردار

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، حكومەت بڕیاریداوە یاسای بوودجەی هەبێت و پەڕلەمانیش داوای كردووە، بۆ ئامادەكردنی یاسای بوودجەش چاوەڕوانی ڕێككەوتنی بەغداد دەكرێت، چونكە ئەگەر پشكی هەرێم جێگیركرا و دیاری كرا وەك خۆشی پەسەند بكرێ و یاساكە جێبەجێ بكرێ هەرێم پڕۆژە یاسای بوودجەی خۆی ئامادە دەكات.

محەمەد سەعدەدین، بۆ (خەڵك) ڕوونیدەكاتەوە، ئەگەر ئەو ماددەیەی پشكی هەرێمی تێدا دیاری دەكرێت لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی هەرێم پەسەند نەكرێت، ئەوكات هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی داهاتەكانی خۆی پڕۆژە یاسای بوودجە ئامادە دەكات، بەپێی داهاتەكان خەرجییەكانی بۆ ئەمساڵ دیاری دەكات و ڕێكی دەخات.

ئەوەشی خستەڕوو، لەهەموو حاڵێكدا لەساڵی ٢٠٢١ هەرێم خاوەنی یاسای بوودجە دەبێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەنجامی ڕێككەوتنەكان دەكەن، ئەمە دوا سەردان دەبێت بۆ بەغدا، چونكە پڕۆژە یاساكە لەپەڕلەمانی عێراقە و بەم زووانە دەنگی لەسەر دەدرێت.

وتیشی: بەپێی ئەو ڕێژەیەی دیاری دەكرێت دابەشكردنی مووچە ٣٠ ڕۆژ جارێك بەردەوام دەبێت بۆ ساڵی ٢٠٢١، بەڵام هەرێمی كوردستان سوورە لەڕێككەوتن هەموو هەوڵێكیش دەدات بەڵام ئەگەر بەغداد پابەند نەبێت، ئەوكات هەرێم خۆی یاسای بوودجە دادەنێت.