خەڵك-
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندی شێنێیان لە سنوری ناوچەی پشدەر سەر بە قەڵادزێیان بۆردومان كرد.
بەپێی زانیارییەكان فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا نزیك گوندی شێنێیان لە ناوچەی پشدەر بۆردومان كرد و ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو هاوڵاتیاندا بڵاوبووەتەوە.
بەشێك لە هاووڵاتیان لە ترسی بۆردومانەكان لە ماڵەكانیان چوونە دەرەوە و بەشێكیشیان لەنێو گوندەكەدا ماونەتەوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانی گیانی و ماڵیەوە بڵاونەكراوەتەوە.
ماوە ماوە فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا بەهۆی بوونی بنكە و بارەگا و جموجۆڵی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، ناوچە سنوورییەكانی باشوری كوردستان بۆردومان دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان بنكە و بارەگا و جموجۆڵی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچەكانی شارباژێڕ و پشدەری سەر بە پارێزگای سلێمانی هەن، لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك، كە رۆژانە روبەڕووی هێرشە ئاسمانییەكان دەبنەوە.