سەردێر

بارزانی و وزەیری دادی عیراق كۆبوونەوە

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دادی عیراق جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت ڕێگری بكرێت لە دەستدرێژیكردنە سەر زەوی و ماڵی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان.


ڕۆژی دووشەممە 2021/02/01 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە سالار عەبدولستار، وەزیری دادی عیراق كرد و لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەرەدان بە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و دادگاكان و دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق كرا، هاوكات باس لە گرنگیی هەماهەنگی كردن و ئامادەبوون لە كۆڕ و نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا كرا.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم، جەختی لە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان و كەسوكاری شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیاباران و خاپووركردنی هەزاران و گوندی كوردستان لەلایەن ڕژێمی پێشووی عیراقەوە كرد.

مەسرور بارزانی داوای كرد كە وەزارەتی داد و دامودەزگا دادوەرییەكانی عیراق ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە سنووردانان و ڕێگریكردن لەو كارە نایاسایی و دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر ماڵ و زەوی هاووڵاتیانی كورد لە ناوجە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێویستی زانی كە كار بۆ نەهێشتنی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە بكرێت.
خەڵك – بەشی هەواڵ