سەردێر

مالیكی ڕێگەچارەیەك بۆ ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا پێشنیار دەكات

خەڵك-
نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ریَِگەچارەیەك بۆ ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا پێشنیار دەكات و پێیوایە دەبێت لەڕێی یاسایەكەوە بێت كە بە یەكسانی داهاتەكان لەنێوان گەلانی عیراقدا دابەش بكات.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی مالیكییەوە بڵاوكرایەوە”مالیكی لە میانی پێشوازی لە شاندی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان باسكرا، وێڕای تاوتوێكردنی پرسەكانی تایبەت بە بودجەی فیدراڵی و دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا لەو بارەیەوە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”مالیكی جەختی لەسەر داڕشتنی یاسایەكی نیشتمانی كردۆتەوە كە دابەشكردنێكی دادپەروەرانە بەسەر پێكهاتەكانی گەلی عیراقدا، زامن بكات”

هەر لەو بارەیەوە،”سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جەختی لەسەر پێویستی یەكخستنی هەوڵەكان كردۆتەوە، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، لەڕێی داڕشتنی یاسای نەوت و غاز، بە تایبەت لەم كاتەدا كە وڵات ڕوو لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات و هەنگاو بەرەو پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز هەڵدەنێت كە توانای جێبەجێكردنی داواكاریی عیراقییەكانی دەبێت”.

ئەمڕۆ دوو شەممە، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆبۆوە و دوا پێشهاتەكانی گفتوگۆی هەولێر و بەغدایان لەبارەی بودجەی 2021 ی عێراق تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، نوری مالیكی پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵەكانی گەیشتن بەڕێككەوتن لەلایەن وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر پێویستی چارەسەركردنی پرسی بودجە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی هەموولایەن و پێكهاتەكانی عێراق لەدوای ئەوەش خۆ تەرخانكردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی كێشە بنەڕەتییەكانی تری وڵات بەتایبەت مەترسی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی داعش و دۆسێ‌ كەڵەكەبووەكانی تری ساڵانی ڕابردوو.