سەردێر

“كێشە تەنها مووچە نییە”

سلێمانی ـ نزار جەزا

فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەوڵەكانی ڕادەستكردنی داهاتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەحكومەتی عیراق ڕاگەیاند.

زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهیچ شێوەیەك نابێت هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی بخرێتە ناو پەرشوبڵاوی و لێكترازان.

وتیشی: حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكە نوێنەری گەلی كوردە لەگفتوگۆكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

دەشڵێت: ئێمەش دەمانەوێت هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند بگەنە ڕێك;ەوتن، بەڵام بەو شێوەیەنا، كە هەرێمی كوردستان زەلیل بكات، بەڵكو دەبێت لەسەر بنامەی دەستوور ڕێكبكەون و سەربەرزانەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، نابێت هەموو كێشەكانی خاك و نەتەوە لەنێوان حكومەتی هەرێم و ناوەند لەمووچەدا چڕ بكرێتەوە، لەسەر حكومەتی هەرێمیشە مووچەی مووچەخۆران بدات.

باسی لەئەوەشكرد، پێشكەشكردنی داهاتی پارێزگایەكی هەرێم بەبەغداد، دەبێتە هۆی پەرتكردنی هەرێمی كوردستان، ئەمەش پێچەوانەی هەموو ئەو قوربانیدانانەیە، كە لەساڵانی ڕابردوو بۆ ئەم هەرێمە دراوە.

ڕوونیشی كردەوە، ناكرێت خەڵك هەموو ژیانی لەمووچەدا كۆبكاتەوە، چونكە لەناو عیراقدا دەیان كێشەی خاك و نەتەوە هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، شاندە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێم كە بە هەفتە و دە ڕۆژ لەبەغداد دەمێننەوە، مەبەستیان گفتوگۆیە بەئامانجی ڕێككەوتن، ئەگەر ئامانجیان ڕێككەوتن نەبێت ناچارنین لەوێ بمێننەوە.

وتیشی: ڕووی دەممان دەكەینە حكومەتی هەرێم كە مانگانە لەكاتی خۆیدا موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابەشبكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەنین هەرێم زەلیلی بەردەستی بەغداد ببێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەگەر سێ لایەنە سەرەكییە پێكهێنەرەكەی حكومەتی هەرێم تەبا و ڕێكبن و بەیەك دەست بەرامبەر ئەم قەیرانە بوەستنەوە، دەتوانرێت بەئەنجامدانی چاكسازی و كۆكردنەوەی داهاتەكانی و توندكردنەوەی دەروازەكان، دەتوانرێت مووچەی مووچەخۆران بدات.

ڕوونیشیكردەوە، ئەنجامدانی چاكسازی هەنگاوی خۆی بڕیوە دەرئەنجامی باشیان دەبێت، بەڵام بەیەكدەنگی لایەنە سەرەكییەكانی هەرێم دەبێت.

ئەمە لە حاڵێكدایە ئەمڕۆ رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ رۆژنامەی نیمچەفەڕمی سەباحی عێراقی رایگەیاند، دەكرێت بڕگەیەك لە یاسای بودجە بچەسپێنرێت كە توانای مامەڵەی راستەوخۆی حكومەتی نێوخۆیی هەبێت لە سلێمانی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدا راستەوخۆ بەشێوەیەكی یاسایی لە حاڵی رێكنەكەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسێی نەوت.

راشیگەیاند حكومەتی نێوخۆیی سلێمانی دەتوانێت داهاتەكانی خۆی رادەستی بەغدا بكات كە بەغدا هەڵبستێت بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاكە، ئەم بڕگە یاساییە بۆ ساڵێك و پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكیش هەمان شت بكەن.