سەردێر

“سلێمانی داهاتەكەی دەداتە بەغدا”

خەڵك-

قەیرانی ئابووری ئێستا و دابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ چەند مانگێك پاڵ بە حكومەتی نێوخۆیی سلێمانی و چالاكەوانەكانەوە دەنێت بۆ پێشنیازكردنی مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ بەغدا لە حاڵی رێكنەكەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر دۆسێی نەوت و داهات، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەڕمی عیراق.

حكومەتی فیدراڵی لە نیسانی 2020 پێدانی بڕەپارەیەكی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگرت بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمەوە بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ بەپێی رێككەوتنێك كە لە كۆتایی 2019 كرابوو دوای ئەوەی بەغدا مانگانەی 453 ملیار دیناری وەك مووچەی فەرمانبەران دەنارد.

رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ رۆژنامەكە رایگەیاند، دەكرێت بڕگەیەك لە یاسای بودجە بچەسپێنرێت كە توانای مامەڵەی راستەوخۆی حكومەتی نێوخۆیی هەبێت لە سلێمانی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدا راستەوخۆ بەشێوەیەكی یاسایی لە حاڵی رێكنەكەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسێی نەوت.

راشیگەیاند حكومەتی نێوخۆیی سلێمانی دەتوانێت داهاتەكانی خۆی رادەستی بەغدا بكات كە بەغدا هەڵبستێت بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاكە، ئەم بڕگە یاساییە بۆ ساڵێك و پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكیش هەمان شت بكەن.