سەردێر

پارتی: ھاتنی حەشد بۆ سەرگەڕان جێی گومانە

حەشدی شەعبی ھێزەكانی بەرەو ئاڕاستەی شارەدێی سەرگەڕانی سەر بە شارۆچكەی دوبز جووڵە پێ كردووە و لێپرسراوێكی پارتییش لە مەخمور ھەبوونی ئەو ھێزانە لە دەڤەرەكە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە و دەڵێت، بەردەوام ھێزی سەربازی و حەشد لەو سنوورە جووڵە دەكات.


كرمانج عەبدوڵا، لێپرسراوی لقی 23ی قەرەچوغ پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی ڕاگەیاند: “جووڵەیەكی سەربازی لە ناوچەی پەلكانەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان ھەیە، كێشە و ئاڵۆزییەكانی دەڤەری سەرگەڕان ھەروەك خۆی ماوە و چارەسەر نەكراوە، بەتایبەتی زانیاریمان بۆ ھاتووە ھێزێكی حەشدی شەعبی گەیشتووەتە ناوچەكە”.

لێرسراوەكەی پارتی وتیشی: “بەردەوام ھێزەكانی حەشد و سوپای عیراق دێنە ناوچەكە، بێگومان ھەر ھاتنی ئەو ھێزانە بۆ سنووری سەرگەڕان ناسرووشتییە و كاریگەریی لەسەر دانیشتووانی كوردی ئەو سنوورە دەبێت.”

كرمانج عەبدوڵا ڕوونیشی كردەوە:”ئەگەر بۆیان بچێتە سەر حەشد و ھێزە عیراقییەكان ھەموو گوندەكانی سنوورەكە تەعریب دەكەن، ھەر دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ناوچەكە لەژێر مەترسیدایە و بەردەوام ئاڵۆزی بە خۆیەوە دەبینێت”.

خەڵك – بەشی هەواڵ