سەردێر

شیعە و سوننە هەڵوێستی نوێ لە سەر بودجەی هەرێم ڕادەگەیەنن

خەڵك

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت ، لەكۆبونەوەی ژمارە 36ی لیژنەی دارایی سەبارەت بە موازەنە دوو هەڵوێستی نوێی هاتۆتە نێو گفتوگۆكانی بودجە، دەشڵێت ،”كوتلە سونییەكان بە فەرمی پشتیوانی هەر دەقێك دەكەن، كە كورد ئیتیفاقی لەسەر كردبێت”.

هۆشیار عەبدوڵا ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری تایبەتی خۆی ڕایگەیاندووە، ئەمرۆ یەكشەممە لەكۆبونەوەی ژمارە 36 ی لیژنەی دارایی سەبارەت بە موازەنە دوو هەڵوێستی نوێی هاتۆتە نێو گفتوگۆكانی بودجە.

دەشڵێت،”یەكێك لە هەڵویستەكانی ئەوەیە، كە كوتلە سونییەكان بە فەرمی پێیان راگەیاندین ، كە هەر دەقێك ئێوە وەك كورد ئیتیفاقتان لەبارەوە كردبێت ئێمە پشتیوانتان دەبین”.

ڕاشیگەیاندووە، بەشێك لە كوتلە شیعیەكان ڕایەكی نوێیان سەبارەت بە نەوت و پشكی هەرێم خستەروو، بە گوێرەی ئەو دەقە نوێیە، عێراق لە بەندەری جیهان هەموو نەوتی هەرێم وەربگرێت، بۆ كرێی كۆمپانیا و گواستنەوە و مەسرەفەكانیی دیكە، برێك لەو نەوتە بدەنەوە بەهەرێم خۆی بیفرۆشێ.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، بە پێی ئەم هەڵوێستەی بەشێك لە شیعیەكان كۆی نەوتەكە بە نەوت وەربگرن، كرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەكەش بە نەوت بدەنەوە هەرێم.

ئاشكراشیكردووە، كە ئەوان وەك ئەندامانی كوردی لیژنەی دارایی پشتیوانی لەو دەقەی دەكەن، كە لە حكومەتەوە هاتووە وەك خۆی.