سەردێر

“ئاكرێ و سۆران و زاخۆ دەكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ”

بڕیارە ھەرسێ شارۆچكەی ئاكرێ و سۆران و زاخۆ بكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ.

بڕیارە ھەرسێ قەزای ئاكرێ و سۆران و زاخۆ بكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، قائیمقامی ئاكرێش دەڵێت، بڕیاری پارێزگابوونی ئاكرێیان ھەیە، بەڵام بەھۆی ڕێكاری یاسایی دەیانەوێت لە سەرەتادا ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ.

مازن محەمەد قائیمقامی ئاكرێ بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاند:” لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری بەپارێزگابوونی شارۆچكەی ئاكرێ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەكە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن، ڕاپۆرتێكی وردمان پێشكەشی پەرلەمان كردووە ئاكرێ بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، ھەردوو شارۆچكەی ئاكرێ و بەردەڕەش بخرێنە سەر ئیدارەی ئاكرێ، دەستمان لە داواكاریی خۆمان بۆ بەپارێزگابوونی ئاكرێ بەرنەداوە، بەڵام پارێزگا كارێكی زۆری دەوێت و لە ڕووی یاساییەوە پێویستی بە ڕەزامەندیی بەغدایە، لەبەر ئەوەش لە قۆناغی یەكەمدا دەمانەوێت ئاكرێ بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ”.

وتیشی، لە ھەنگاوی یەكەمدا بۆ ئەوەی زاخۆ بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ڕاستەوخۆ خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ھەرێمی كوردستان.

هاوكات، سەوری بێرۆخی نوێنەری سۆران لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بەو ماڵپەڕەی ڕاگەیاندووە:” ڕێكارەكانی ئیدارەی سەربەخۆ بۆ شارۆچكەی سۆران دەستی پێ كردووە و پەرلەمانی كوردستان نووسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی سۆران بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەگەر وەك ساڵی ڕابردوو دۆخیكی تایبەت نەیەتە ئاراوە، ئەمساڵ شارۆچكەی سۆران دەبێتە ئیدارەی سەربەخۆ”.

خەڵك – بەشی هەواڵ