بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانیان چوار كەسیان دەستگیر كردووە، كە پیشەیان كاری حەواڵە و ئاڵوگۆڕی دراوە بووە، لە پاڵ ئەو كارەشیان دەستیان داوەتە قۆڵبڕین و كاری هەڵخەڵەتاندن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و نەهێشتنی كاری نایاسایی ، هێزەكانیان بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، ٤ كەسیان دەستگیركردووە.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو كەسانەی دەستگیركراون، پیشەیان كاری حەواڵە و ئاڵوگۆڕی دراوە، لە پاڵ ئەو كارەشدا دەستیانكردووە بە هەڵخەڵەتاندن و پارە خواردنی هاوڵاتیان، دوای لێكۆڵینەوەش دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بەردەوامە.
دەقی ڕاگەیەنراوەكەی ئاسایش :
لەدرێژەی كارو چالاكیەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و نەهێشتنی هەموو جۆرە تاوانێكی دەستبڕین و پارەخواردن و كاری نایاسایی, هێزەكانمان توانیان شەوی 26 /1/2021 لەشاری سلێمانی ، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ( 456 ) لە یاسای سزادانی عێراقی ،چوار كەس دەستگیر بكەن ، بەناوەكانی تۆمەتبار ( ه ، ع ,م ) تۆمەتبار ( ع ، م ,ع ) تۆمەتبار ( ا ، ع ,م ) تۆمەتبار ( ه، ش , ع ) كەپیشەیان كاری حەواڵەو و ئاڵو گۆڕی دراوە لە پاڵ ئەم كارەیان دەستیان داوەتە قۆڵبڕین و كاری هەڵخەڵەتاندن و پارە خواردنی هاوڵاتیان ، پاش لێكۆڵینەوە لە گەڵیاندا دانیان نا بە تاوانە كەیانداو لێكۆڵینەوە لەدۆسیەكەیان بەردوامە .
لەگەڵ ڕێزدا…..
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەنییەكانی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی