سەردێر

لە هەرێم كوتان بە ڤاكسین دژی پەتای وەرزی دەستی پێكرد

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڤاكسینی دژی پەتای وەرزی بەسەر نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان دابەشكرد و ڕۆژانە هاووڵاتیان دژی پەتا وەرزییەكان خۆیان دەكوتن.

كارمەندێكی تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئێستادا ڤاكسینی تایبەت بە كوتان دژی ئەنفلۆنزای وەرزی گەیشتۆتە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان و ڕۆژانە هاووڵاتیان سەردانیان دەكەن و خۆیان دەكوتن.

ئەو كارمەندە، كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە وتیشی، “بڕی ڤاكسینەكە كەمە و بەشی هەموو هاووڵاتیان ناكات، چونكە لە قۆناغی سەرەتادا كارمەندانی تەندروستی و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە خۆیان كوتاوە و ئێستاش بڕێكی دیكە لەو ڤاكسینە گەیشتۆتە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان و ڕۆژانە هاووڵاتیان سەردانیان دەكەن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، خۆكوتان بەو ڤاكسینە زۆر باشە و بەرگری جەستە دژی نەخۆشی و پەتا وەرزییەكان بەهێز دەكات.

لای خۆشیەوە، د. بژار موسا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بۆ (خەڵك) وتی، “ڤاكسینی دژی ئەنفلۆنزای وەرزی گەیشتۆتە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان و هاووڵاتیان دەتوانن بچن خۆیان بكوتن”.