سەردێر

ئاسایش دەستگیركردنی دزەكانی كاسۆمۆڵ ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
ئاسایشی سلێمانی، دەستگیركردنی دوو كەس ڕادەگەیەنێت كە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە گەڕاجی كاسۆمۆڵی سلێمانی ئۆتۆمبێلێكیان دزیبوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانییەوە بڵاوكرایەوە”دوای ئەوەی لە 22ی كانوونی دووەم، دوو تۆمەتبار هەڵدەستن بە دزینی ئۆتۆمبێلێك لەجۆری جێب لاریدۆ بە پسوڵەی ساختە لە گەراجی كاسۆمۆڵ لەناو بازاڕی سلێمانی، مەفرەزەكانی ئاسایش توانیویانە دوای پێنج ڕۆژ لە 27ی كانوونی دووەم هەردوو تۆمەتبار دەستگیربكەن”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایشدا هاتووە”دوو تۆمەتبارەكە ناوییان (ب.ج.ج) و (ج.ج.ع) و لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان دانییان بە تاوانەكەیاندا ناوە، بۆیە بەپێی ماددەی 443ی یاسای سزادانی عیراقی و بە فەرمانی دادوەر، دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە”.