سەردێر

زێباری: كازمى شەش مووچەی لایە

خەڵك- بەشی هەواڵ
هۆشیار زێباری وەزیری پێشووتری دەرەوی عیراق و سەركردە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، مووچەی شەش مانگی نەداوە بە هەرێم، هێزەكانی “قەدۆ”ش تۆمەتبار دەكات بە بۆردومانكردنی دەوروبەری فڕۆكەخانەی هەولێر.

زێباری لە دیمانەیەكی تەلەفیۆزیۆنی ڕایگەیاند:”بایدن ئەزمونێكی سیاسی درورودرێژی هەیە و من لە ساڵی 1992وە دەیناسم، ئێمە وەك ئۆپۆزسیۆن چاوپێكەوتنمان لەگەڵ كردووە، ئیدارە نوێیەكەی ئەمریكاش پشتیوانی لە حكومەتەكەی كازمی دەكات”.

بە وتەی زێباری:”وڵاتانی كەنداو و ئیسرائیل ترسییان لە هاتنی ئیدارەكەی بایدن هەبوو، بەهۆی كرانەوەی حكومەتەكەی بایدن بەڕووی ئێران و گەڕانەوەی تاران بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە”، ئاماژەی بە سەردەمی مالكیش كرد كە”بالێۆزخانەی ئەمریكا لەو دەمەدا بە مووشەك بۆردومان نەدەكرا، بەڵام ئێستا پاشاگەردانییە و هەر لایەنێك دەگریت خاوەنی مووشەكە و هەركاتێكیش بیەوێت هەڵیدەدات”.

لەبارەی ریفراندۆمیشەوە، زێباری وتی:”هەموو سەركردە كوردەكان لەسەر ریفراندۆم كۆكبوون”، هێزەكانی قەدۆی سەر بە حەشدی شەعبیشی تۆمەتباركرد بە بۆردومانكردنی دەوروبەری فڕۆكەخانەی هەولێر.

لە درێژەی قسەكانیدا هۆشیار زێباری ڕایگەیاندووە”كێشەی كورد لەگەڵ هەندێك لایەنی پێكهاتەی شیعە ئەوەیە كە ڕێز لە دەستور ناگرن، ئێمە یەكەم لایەن بوین كە كازمیمان بۆ سەرۆكایەتی وەزیران كاندید كرد، بەوپێیەی كەسێتییەكی شیعەی ئۆپۆزسیۆن بووە و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمییەكان هەیە، بەهۆی پێگەكەی وەك سەرۆكی دەزگای هەواڵگری”.

هەر لە قسەكانیدا زێباری ئاماژەی بە گەندەڵییەكان كرد لە پرۆژەكانی پارێزگەی بەسرە، حكومەتەكەی كازمیشی تۆمەتبار كرد بەوەی كە مووچەی شەش مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەداوە.