سەردێر

لاهور شێخ جەنگی؛ مەلەفی نەوت لە جیاتی خۆشگوزەرانی بووەتە نەهامەتی بۆ میللەتەكەمان

 

هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەم دۆخە هەستیارەدا یەكێتی خاوەن گوتار و هەڵوێستی خۆیەتی و لەهەر كات و ساتێكدا پێویست بكات بڕیار و هەڵوێستی سیاسی خۆی دەبێت و پاشەكشە لەو بەڵێنانە ناكات كە بەهاووڵاتییانی داوە، دەشڵێت ،” مەلەفی نەوت كرد كە ئەو سامانە بە نرخە لە جیاتی خۆشگوزەرانی، بووەتە نەهامەتی بۆ میللەتەكەمان”.

لاهور شێخ جەنگی ، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆپێنج شەممە 28-1-2021 پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە.

لە كۆبونەوەكەدا باسیان لە هەوڵ و هەنگاوەكانی یەكێتی كردووە، لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتەكەمان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی كە بوونەتە بەربەست لە بەردەم چارەسەری قەیرانەكان.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە

ئەمڕۆ پێشوازیمان كرد لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی.
لە دیدارێكدا هەوڵ و هەنگاوەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانمان ڕوونكردەوە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتەكەمان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی كە بوونەتە بەربەست لە بەردەم چارەسەری قەیرانەكان.
باسمان لە پرسی لامەركەزیی كرد وەك یەكێك لە خاڵەكانی ڕێككەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت و جەختمانكردەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی (دارایی و ئیداریی) لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە پێناو ئاسانكردنی ڕاپەڕاندنی كاروبارەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بە هاووڵاتییان.
باسمان لە مەلەفی نەوت كرد كە ئەو سامانە بە نرخە لە جیاتی خۆشگوزەرانی، بووەتە نەهامەتی بۆ میللەتەكەمان، ئاماژەمان بۆ پشكی هەرێمی كوردستان كرد لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢١ و پشتیوانیی خۆمان بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیە دووپاتكردەوە، جەختیشمانكردەوە كە باشكردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم بەندە بە پابەندبونی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی بە ڕێككەوتنی نێوانیان و چارەسەركردنی ئەوكێشانەی كە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
جەختمان كردەوە كە ئێستا بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبین و یەكێتییش خاوەن گوتار و هەڵوێستی خۆیەتی و لەهەر كات و ساتێكدا پێویست بكات یەكێتیی بڕیار و هەڵوێستی سیاسی خۆی ڕادەگەیەنێت و پاشەكشە لەو بەڵێنانە ناكات كە بەهاووڵاتییانی داوە.
سوپاسی سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی سەوزم كرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ سەرنج و پێشنیارەكانیان و داوام لێكردن كە كار و چالاكییەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان.