سەردێر

“كات لەبەرژەوەندی كورد نییە”

خەڵك-ئارام سەردار

لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەكانی عیراق و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەتایبەت لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، سەرۆكی پەڕلەمان ڕایدەگەیەنێت، كات لەبەرژەوەندی كورد نییە.

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لەبارەی دروستكردنی یەك لیستی كوردستانی بۆ ناوچە دابڕاوەكان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەمەبەستی ڕێكخستنی هەڵوێست و شێوازی مامەڵەی حزبەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵبژاردنە گشتییەكانی عیراق و خۆگونجاندن لەگەڵ واقعی ئەو ناوچانە كە لەبازنەكانی هەڵبژاردن دروست بووە، دانیشتنێك ئەنجامدرا، چونكە پەڕلەمانی كوردستان لەبابەتە چارەنووسسازەكاندا شوێنی بڕیاردانی سەرەكییە، بۆیە ئەركی خۆمان جێبەجێ كرد و بەردەوامیش دەبین، چونكە پەڕلەمان نوێنەرایەتی ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەكات و ئەركی خۆی لەلێكنزیككردنەوەی لایەنەكان جێبەجێدەكات.

دەشڵێت، جێگای داخە پەیوەندی لایەنە سیاسییەكان جۆرێك لەیەكتر نەخوێندنەوە و دڕدۆنگی هەیە، ئەمەش ئەركی پەڕلەمانی قورس كردووە، بەهەمان شێوە ئەركی دامەزراوەكانی تریشی قوڕس كردووە، بەڵام جێگای دەستخۆشییە هەموو حزبەكوردستانییەكان بەشداریان كرد ژمارەیەكی كەم نەبێت.

باسی لەوەشكرد، جێگای خۆشحاڵی بوو نوێنەری حزبەكان دڵنیاییان دا لەتەكنیكی خۆگونجاندن لەهەڵبژادنەكان، گەیشتین بەوەی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و مەكتەبی سیاسی حزبەكان ئەو كۆدەنگییە دروست بكەین، چونكە كات لەبەرژەوەندی كوردستاندا نییە.