سەردێر

فەرمانگەیەكی دیكەی كارتی نیشتمانی لە سلێمانی كرایەوە

خەڵك-
ئەمڕۆ فەرمانگەی كارتی نیشتمانی لە سەنگاو كرایەوە و بەڕێوەبەری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، وەك پێشمەرگەیەكی دێرین و برای شەهید یەكەم كارتی نیشتمانی درا بە (جەلال شێخ كەریم) و داواش لە هاووڵاتیان دەكات بۆ تەنها بۆ هاوسەرگیری و جیابوونەوە و منداڵی تازەلەدایكبوو و مردن سەردانی فەرمانگەكە بكەن.

مقەدەم شێركۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢١/١/٢٧ فەرمانگەی كارتی نیشتمانی سەنگاو بە ڕووی ھاووڵاتیاندا كرایەوە و ڕێكارەكان بەردەوامن بۆ كردنەوەی چەند فەرمانگەیەكی دیكە لەسنووری پارێزگای سلێمانی.

ڕاشیگەیاند، یەكەم كارتی نیشتمانی درا بە (جەلال شێخ كەریم عیسی) وەك پێشمەرگەیەكی دێرین و برای شەھید و بریكاری خانەنشینكراوی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم.

وتیشی، ” داواكارین لە ھاووڵاتیان لە ئێستادا بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتمانی سەردانی فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی نەكەن، بەڵكو تەنها بۆ چەند مەبەستێكی دیاریكراو مامەڵەی هاووڵاتیان ڕایی دەكرێت”.

سەبارەت بەو مامەڵانەی ڕایی دەكرێن لە ئێستادا، مقەدەم شێركۆ وتی، “لە ئێستادا تەنها كاروبارەكانی تایبەت بە مامەڵەی ھاوسەرگیری، مامەڵەی جیابوونەوە، مامەڵەی منداڵی تازە لەدایكبوو، كە دەبێت منداڵەكە تەمەنی (٣ مانگی) تەواو كردبێت، مامەڵەی مرد،ن مامەڵەی تێكچوون یان ونبوونی پێناسی باری شارستانی و كارتی نیشتیمانی، مامەڵەی (صورە قیدی ورقی) واتا تۆماری ٥٧، مامەڵەی (صورە قیدی ألكترونی) بۆ ئەو كەسانەی خاونی كارتی نیشتیمانین”.