سەردێر

لوتكەی تەندروستی بۆ دەستخستنی ڤاكسینی كۆڤید١٩ بەڕێوەچوو

 

خەڵك-

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە شاری هەولێر كۆنفڕانسی لوتكەی تەندروستی كوردستان بەئامانجی قسەكردن لەسەر چۆنییەتی بەدەستهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا كۆڤید١٩ و گەیاندنی بە هاووڵاتیان دەستی پێكرد و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، كۆنفڕانسەكەش وەزارەتی تەندروستی سەرپەرشتی دەكات و هەریەك لە وەزارەتی تەندروستی عیراق و ڕیكخراوی تەندروستی جیهانی و ئاژانسە مرۆییەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان تیایدا بەشدارن.

د. عەبدولفەتاح هەورامی، سەرپەرشتیاری گشتی كۆنفڕانسی لوتكەی تەندروستی كوردستان لەوتەیەكدا ڕایگەیاند، ئەم كۆنفڕانسە یەكەمجارە بەڕێوەدەچێت و تایبەتە بە چۆنیەتی دەستخستنی ڤاكسینی كۆڤید١٩ و بەكارهێنانی و دابەشكردنی ڤاكسینی دژە ڤایرۆرسی كۆرۆنا ئەم كۆنفرانسە، كە لوتكەی تەندروستی كوردستانە بەڕێوەدەچێت.

دەشڵێت: “كۆنفڕانسەكە سێ پانێڵ لە خۆی دەگرێت، كە ئەوانیش باس لە هاتنی ڤایرۆسەكە و قوربانییەكانی لە كوردستانیش دەكرێت”.

هاوكات، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، نزیكەی دوو مانگە لەسەر ئاستی وەزارەت لیژنەیەكی پسپۆر كاردەكەین بۆ دانانی ستراتیژییەت و ڕێكاری زانستی دابینكردنی ڤاكسین بۆ دژایەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی زۆری خواست و هێواشی بەرهەمهێنان و بوونی ژمارەیەكی كەمی كۆمپانیا لە ئاست داواكاری وڵاتانی جیهاندا نییە، بەڵام حكومەتی هەرێم لەهەوڵەكانی جدیە بۆ دەستخستنی ئەو ڤاكسینە.