سەردێر

بە دوو ڕێگا ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دابین دەكرێت

خەڵك-
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئێمە لەگەڵ كۆمپانیاكان دانیشتووین بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڤاكسینی كۆڤید ١٩ بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەین، ئەمە جگە لەوەی عیراق دەیكڕێت پشكی هەرێم لەڤاكسینەكە پارێزراوە.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ كۆمپانیاكان دانیشتووین بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڤاكسینی كۆڤید ١٩ بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەین، ئەمە جگە لەوەی عیراق دەیكڕێت پشكی هەرێم لەڤاكسینەكە پارێزراوە، بەپێی گرێبەستەكانی كردوویانە لەگەڵ هاتنی قۆناغی یەكەم، كاروانی یەكەم وەك پشكی هەرێم ڕەوانە بكرێت.

دەشڵت: “ئەو چین و توێژانەی دیاری دەكرێن سەرەتا ڤاكسینەكە بەكاربێنن و ئەو بنكە تەندروستی و شارانەی تێیدا بەكاردێت لەلایەن لیژنەیەكی باڵاوە دەستنیشان دەكرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵەكانیان لەگەڵ كۆمپانیا ڤایزەر بەردەوامە تاوەكو ڤاكسینەكە ڕاستەوخۆ دابین بكەن، لەگەڵ كۆمپانیای ئەسترا زینكا و چەند كۆمپانیایەكیش پێشنیارەكانی خۆیان ڕەوانە كردوە لەسەر ڤاكسینەكانیان، بۆیە ئێمە لەگەڵ كۆمپانیاكان لەگفتووگۆ و ڕێككەوتن بەردەوامین، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی دارایی دەربڕیووە بۆ كڕینی ڤاكسین، بۆیە دواجار لەلایەن لیژنەی باڵا بڕیار دەدرێت و كاتی گەیشتنیش گرنگە”.

هاوكات وەزیری تەندروستی لەوتەیەكدا لەكۆنفڕانسی لوتكەی تەندروستی كوردستان تایبەت بە ڤاكسینی كۆڤید ١٩ وتی، “ڕاستە بەهەوڵی هەموولایەك كۆرۆنا كەم بۆتەوە، بەڵام مەترسیە گەورەكانی ئەو ڤایرۆسە هەر ماوە، بەكارهێنانی ڤاكسینیش نابێتە جێگرەوە بۆ خۆپارێزی، باشترین كار بكرێت جێبەجێ كردنی ڕێكارە خۆپارێزیەكانە”.