سەردێر

پارتی هەڕەشەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردن دەكات

خەڵك-
پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە گەر كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەمشێوەیەی ئێستا بمێننەوە، پێناچێت بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقدا بكات.

بەشار كیكی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “پارتی گەر بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقدا بكات، كە وابڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا سازبكرێت، ڕێژەیەكی زیاتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 بەدەستدەهێنێت، بەڵام گەر كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەمشێوەیەی ئێستا بمێننەوە، ئەوا ڕەنگە پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە بكات”.

بە وتە بەشار كیكی، “گەر مافی كورد لە بەغدا پشتگوێ‌ بخرێت، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان پێداچوونەوە بە زۆر شتدا دەكات، وەك بەشداری لە هەڵبژاردن و پێداچوونەوە بە بەشداری لە پرۆسەكەدا”.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتی، “گەر دەستور جێبەجێ‌ نەكرێت، بەشداری لە هەڵبژاردنی عیراقدا ناكەین، بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی پێشوو، كە بەشداریمان لە هەڵبژاردنی كەركوكدا نەكرد، چونكە گەر ستەم لە كورد بكرێت بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا هیچ سودێكی نییە”.

تا ئێستا چەند جارێك شاندی حكومەتی هەرێم چۆتە بەغدا بۆ ڕێككەوتن لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی و لە ئێستاشدا شاندەكە بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدایە و گفتوگۆكان بەردەوامن لەسەر بودجەی 2021 و پشكی هەرێم تێیدا.