سەردێر

پارتی: لەگەڵ بەغدا دەگەینە چارەسەرێكی مامناوەندی

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق، گەشبینی خۆی دەخاتەڕوو بەرانبەر بە گەیشتن بە ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا و دەڵێت، لەگەڵ بەغدا دەگەینە چارەسەرێكی مامناوەند.

بەشار كیكی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەگەینە ڕێكەوتن و چارەسەرێكی مامناوەندی، پێویستە متمانە لەنێوان هەردوولادا دروست ببێت، لەئێستاشدا بۆچوونی ئەرێنی هەیە كە دەبێت بەغدا و هەرێم بگەنە ڕێكەوتن و ناكرێت پرسەكە دوابخرێت”.

بە بۆچوونی كیكی:”كەس لەگەڵ ئەوە نییە، چارەسەری كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دوابخرێت، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ڕێكەوتن، بۆیە ئێمە گەشبینین بە گەیشتن بە ڕێكەوتن”.

بۆ مەبەستی دانوستان و یەكلایی كردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجە و ناردنی شایستە داراییەكانی كورد لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، لەئێستادا شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە.