سەردێر

دانوستانەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا بەردەوامن

خەڵك-
تائێستا شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دانوستانەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەردەوامن، پەرلەمانتارێكی یەكێتیش دەڵێت، هێشتا ماویەتی هەرێم لەگەڵ بەغدادا ڕێبكەوێت.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”دانوستانی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەردەوامە و هێشتا ماویەتی هەردوولا بگەنە شێوازیی كۆتایی بۆ ڕێكەوتن لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەدا”.

بە وتەی شیروان میرزا:”كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی و لایەنەكانی تر بەردەوامن، بۆیە چاوەڕوانیین تا بزانیین لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا دەگەینە چی ئەنجامێك”.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لەبارەی گەیشتنی شاندی هەرێم بە ڕێكەوتن لە بەغدا وتی:”گەشبینین بەرانبەر بە دانوستانەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانیین تا بزانیین هەردوولا دەگەنە چ لێكگەیشتنێكی هاوبەش”.

لەبارەی پرۆژە یاسای بودجە و پشكی هەرێمەوە، شیروان میرزا كە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقە ڕایگەیاند:”هێشتا نەگەیشتووینەتە ماددەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان، تا گفتووگۆی لەسەر بكەین”.

بۆ مەبەستی دانوستان و یەكلایی كردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجە و ناردنی شایستە داراییەكانی كورد لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، لەئێستادا شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە.