سەردێر

جموجۆڵی ئەمریكایی لە رۆژئاوا هەیە

خەڵك-

سوپای ئەمریكا هێز لە سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ توركیا كۆدەكاتەوە بۆ ئامادەكاری بۆ هەر هێرشێكی توركیا بۆ سەر سنوری رۆژئاوای كوردستان لە سنوری شاری دێرك سەر بە پارێزگای حەسەكە.

رووانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد هێزەكانی ئەمریكا هێزی زیاتریان لە تانك و زرێپۆش رەوانەی بنكەی سەربازی دێرك لە ریفی حەسەكە كردووە، مەفرەزەكانیشیان بە سنووری ناوچەكەدا دەسوڕێنەوە.

روانگەی سوریایی راشیگەیاندووە هاوكات جموجۆڵی هێزە ئەمریكاییەكان هەیە لە ماوەی 48 سەعات دا لەگەڵ دەنگۆی بنیاتنانی بنكەیەكی نوێی سەربازی ئەمریكایی لە ریفی دێرك لە سنوری نێوان سوریا و عێراق و توركیا.

ئەم جموجۆڵانەی هێزە ئەمریكاییەكان هاوكاتە لەگەڵ پلانی توركیا بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سنوری دێرك و شنگال.

لە چەند رۆژی رابردوودا كاربەدەستانی سەربازی رۆژئاوای كوردستان هۆشدارییاندا بوو لە دوای سەردانەكەی خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەنقەرە پلانی هێرشی سەربازی هەیە بۆ سەر دێرك و شنگال و راگەیاندنی جەنگی سەرانسەری بە درێژایی سنوری عەفرین تا شنگال.

هاوكات سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایانكردووە كە سوپای توركیا خەریكی كۆكردنەوەی هێزە لە سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان.