سەردێر

بۆكان.. ئیلخانیزادە دەستبەسەركرا

مستەفا ئیلخانیزادە، نووسەر و مامۆستای زمانی كوردی لە بۆكان دەستبەسەر كرا.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، مستەفا ئیلخانیزادە، نووسەر، شاعیر و لێپرسراوی ناوەندی كەلتووری و فێركاریی “ئەدەب” لە بۆكان دەستبەسەر كرا.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕۆژی سێ شەممە 26/1/2021 هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەڵیانكوتایە سەر نووسینگەی كار و ماڵی مستەفا ئیلخانیزادە، نووسەر و شاعیر و بەرپرسی ناوەندی كەلتووری و فێركاریی “ئەدەب” لە بۆكان و ناوبراویان دەستبەسەر كرد.

ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، هێزە ئەمنییەكان هاوكات لەگەڵ دەستبەسەر كردنی مستەفا ئیلخانیزادە، ماڵەكەی و شوێنی كارەكەیان پشكنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و كۆمپیوتەر و كەلوپەلە تایبەتەكانیدا گرتووە.

بەپێی زانیارییەكان، مستەفا ئیلخانیزادە بە تۆمەتی بەڕێوە بردنی ڕێوڕەسمێك بە بۆنەی دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد، لە ناو نووسینگەكەی خۆیدا لە ناوەندی “ئەدەب” دەستبەسەر كراوە.

ڕێكخراوەكە باسی لەوەش كردووە، ئەو نووسەرە كوردە لە پاش دەستبەسەركرانی بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە.

خەڵك – بەشی هەواڵ