سەردێر

وادەی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ درێژدەكرێتەوە

تائێستا 10 هەزار داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ پێشكەش بە شارەوانییەكان كراون.

بڕیارە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019ی پەرلەمانی كوردستان بۆ تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ ھەموار بكرێتەوە و سەرۆكی لیژنەی شارەوانییەكانیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، وادەی پێشكەشكردنی داواكاری درێژ دەكرێتەوە و نرخی تاپۆكردنیش كەم دەكرێتەوە.

لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی ڕاگەیاندووە: “بە گوێرەی یاسای تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ ماوەی پێشكەشكردنی داواكاری 120 ڕۆژ دیاری كراوە، بەڵام دوای پەسەندكردنی یاساكە لەلایەن پەرلەمانەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووەوە و حكومەت لە توانای نەبوو یاساكە وەك خۆی جێبەجێ بكات كە لەو ماوەیەدا 10 ھەزار داواكاری پێشكەش بە شارەوانییەكان كراون.”

سەرۆكی لیژنەی شارەوانییەكان دەشڵێت: “ئێستا خەریكی ھەمواركردنەوەی یاساكەین، لەگەڵ سەرۆكی شارەوانییەكانی كوردستان و بەشی یاسایی وەزارەت كۆبووینەتەوە و تێبینیی خۆیان ناردووە، بڕیارە لە هەفتەی داھاتوو كۆبوونەوەیەك لەسەر ئەو بابەتە بەڕێوەبچێت و تێیدا كار بۆ ھەمواركردنەوەی یاساكە دەكرێت”.

لوقمان وەردی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “چەند پێشنیارێك ئامادە كراون، لەوانە ماوەی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ تاپۆكردن درێژ بكرێتەوە بۆ ساڵێك و ھەندێك پێشنیاریش ھەن بۆ شەش مانگ درێژ بكرێتەوە، ھەروەھا دەستكاریی نرخی تاپۆكردنیش دەكەین بە شێوەیەك دۆخی ئابووریی ھاووڵاتییان بەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی لە ھەندێ ناوچەی دەرەوەی شارەكان وەك شارەدێ سنوورییەكان”.

خەڵك – بەشی هەواڵ