سەردێر

بەرگدورێك دەستگیركرا كامێرای لە شوێنی خۆگۆڕین دانابوو

 

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، دەستگیركردنی بەرگدورێك ڕادەگەیەنێت كە كامێرای بۆ وێنەگرتنی مشتەرییەكانی لە شوێنی خۆگۆڕین دانابوو، ئەمەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و داواكرا بەتوندترین شێوە تۆمەتبارەكە سزا بدرێت.

هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند”كچێك سكاڵای لەسەر بەرگدورێك بەرزكردەوە كە كامێرای مۆبایلەكەی لە شوێنی خۆگۆڕین دانابوو، لە كاتی ئاشكراكردنی مۆبایلەكەش، سكاڵای لەسەر تۆمەتبارەكە تۆماركرد، بۆیە ئەو كەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كرایەوە”.

بەپێی زانیارییەكان، تۆمەتبارە دەستگیركراوەكە بە ڕەچەڵەك سوریە و لەپاش دەستگرتن بەسەر مۆبایلەكەی، خرایە زیندانەوە و دواتر بۆ بەردەم دادگا ڕاپێچ دەكرێت.

ئەو ڕووداوە، كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و داواكرا بە توندترین شێوە بەرگدورەكە سزا بدرێت، بەو پێیەی كارەكەی قێزەونە و لەگەڵ هیچ ئاین و نەریتێكی كۆمەڵایەتیدا یەكناگرێتەوە.

خەڵك- بەشی هەواڵ