سەردێر

تاڵەبانی، هەڵوێستی لەبارەی لامەركەزییەوە ئاشكرادەكات

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی لە ھەرێمی كوردستان فاكتەری بەھێزتركردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكە، یەكێتیش بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەكان دیالۆگی نیشتمانیی بە پێویست دەزانێت.

ئەمڕۆ دوو شەممە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ ئاشلی دوریك، لێپرسراوی نوسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە ھەرێمی كوردستان كۆبوەوە و لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند:”جەخت لە فراوانكردنی ھاریكاری و ھاوكارییەكانی كەنەدا دەكەنەوە بەتایبەت لە خستنەگەڕی زیاتری ھەوڵەكانیان بۆ مەشقپێكردنی ھێزی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی یەكە سەربازییەكان لەچوارچێوەی پشتیوانییەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر”.

بە وتەی بافڵ تاڵەبانی:”یەكێتی بنیادنانی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان ھێزەكانی ھەرێم و عێراق بە پێویست دەزانێت و داوا دەكەن نوێنەری وڵاتان پشتگیری ئەم ھەوڵانە بكەن و ھاوكاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. هەروەها ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی لە ھەرێم بە فاكتەری بەھێزتركردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك دەبینن”.

لەبارەی ھەڵبژاردنەكانی داھاتوی عیراق هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی:” یەكێتی پشتیوانی لەئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوادەی خۆیدا دەكات و دەمانەوێت لە ناوچە دابڕێندراوەكانیش وەك كورد بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بەشداریبكەین و یەكڕیزی نیشتمانی بپارێزین”.

خەڵک – بەشی هەواڵ