هێزەكانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنێت ، تورك لەبەرانبەر دۆزی ڕەوای ئازادی و مافی گەلی كورد بێچارە بووە و لەگەڵ هەموو كردەوەیەكی قڕكەرانە ناتوانێت سەری گەلی كورد دانەوێنێت و بەشێوەیەكی شێتانە هێرش دەكاتە سەر گەلی كورد.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە، لەبارەی هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی، لەلایەن توركیاەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، لە تل ڕفعەتەوە تا حاجی ئۆمەران، لە بەردەسۆر تا گارە و مەتینان بە شێوەیەكی هاوكات و بە ئەنقەست، هێرش دەكاتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی گەلەكەمان.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە گەلی كوردستان وڵاتپارێز هەموو كاتێك دڵسۆزی بەها سەرەكییەكانی بووە و تێكۆشانی خۆی لەبەرانبەر دوژمن بەردەوام دەكات و وڵامی پێویست دەداتەوە.
لەبارەی هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی هەپەگە ئەم زانیاریانەی بڵاوكردەوە:
– ٢١ی كانوونی دووەم لە كاتژمێر ١١:٣٠دا هەرێمی مەتینان و دەوروبەری گوندی بەشیلی لەلایەن فڕۆكەكانەوە بۆردومان كرا.
– ٢٢ی كانوونی دووەم كاتژمێر ١٤:٣٠ هەرێمی خواكوركی سەر بە حاجی ئۆمەران و بەردەخۆر ٦ جار لەلایەن فڕۆكە جەنگیەكانەوە بۆردومان كرا، بەو هۆیەوە گەوڕەكانی گەلەكەمان ڕووخاون و مەڕ و ماڵاتیان لەناوچوون.
– ٢٢ی كانوونی دووەم گوندی گرێی هەرێمی گارە و ناوچەی مەیروكێ بۆردومانكراوە، بەهۆی بۆردومانەكەوە ٤ گوندنشین برینداربوون و زیان بەر خانوو و باخ و ڕەزی گوندنشینان كەوتووە، ئەو هێرشەی كە دەوترێت “بارەگاكانی پەكەكە بۆردومانكراوە” لەدژی گەلی مەدەنی ئێمەیە لە باشوری كوردستان، لەو دەڤەرە ئێمە بارەگامان نییە و هیچ زیانێك بەر هێزەكانمان نەكەوتووە.
– ٢٣ی كانوونی دووەم كاتژمێر ١٢:١٥ گوندی كانی ساركێی گارە بۆردومانكراوە.
– ٢٣ی كانوونی دووەم كاتژمێر ١٣:٣٠، هەرێمی گارە و گرێی جۆلەمێرگ و كاتژمێر ١٤ گوندی بەشیلی بۆردومانكراون.
– ٢٣ی كانوونی دووەم كاتژمێر ١٤:٠٠ هەرێمەكانی زاپ، ناوچەی سیدا لەلایەن فڕۆكەكانەوە بۆردومان كراون.”