سەردێر

لەقامیشلۆ شەڕ روویدا

لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان شەڕ لەنێوان ئاسایشی رۆژئاوا و هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا رووی دا.

لەوبارەوە ئاژانسی هاوارنیوز بڵاویكردەوە، ئەندامانی هێزەكانی بەرگری نیشتمانی سەر بە حكومەتی سوریا هێرشیان كردووەتەسەر خاڵێكی پشكنینی هێزەكانی ئاسایش لە گەڕەكی حلكو لە شاری قامیشلۆ لە شەوی رابردوو.

هێزەكانی ئاسایش وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوە، بەرگریان لەخۆیان كردووە.

سەرچاوەیەك لە ناوەندی میدیایی هێزەكانی ئاسایشی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا رایگەیاند، شەڕ لەنێوان هێزەكانمان و چەكدارەكانی بەرگری نیشتمانی سەر بە حكومەتی دیمەشق روویداوە و هێرشكراوەتەسەر خاڵێكی پشكنین و گەڕەكی حلكو، هێزەكانی ئێمەش وەڵامیان داوەتەوە.

ئاشكراشیكرد هێزەكانی روسیا هەوڵی ئارامكردنەوەی رەوشەكەیان داوە، بەڵێنیان داوە جارێكی دیكە هێزەكانی بەرگری نیشتمانی هێرش دووبارە نەكەنەوە.

هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ رایانگەیاندووە رێگری دەكەن لە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە، كە ئامانج لەم هەنگاوانەی دەنرێت بۆ تێكدانی سەقامگیری ناوچەكەیە.

خەڵك- بەشی هەواڵ